رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکان.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئابی 2025، ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو گەنج بە ناوەکانی محەممەد عومەر و رابەر حەمەڕەشید لە پۆندی پریس خنکان."
بە گوتەی ئاکام قوتبەدین، محەممەد عومەر تەمەنی 22 ساڵە و رابەر حەمەڕەشیدیش 31 ساڵە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتیشی، "قوربانییەکان هاوڕێ بوون و بۆ مەلەکردن چوونەتە ئەو شوێنە."
وەک ئاکام قوتبەدین دەڵێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکاندا؛ "پۆندەکە نزیکەی 20 مەتر قووڵە و دۆزینەوەی تەرمەکانیان کاتی پێویستە."
سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتە شوێنی رووداوەکە و لەکاتی پەخشی راستەوخۆی رووداودا، تەرمی یەکێک لە خنکاوەکان دۆزرایەوە و گەڕان بەدوای تەرمەکەی دیکەدا بەردەوامە.
ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان خنکاون گەیشتە 6 کەس؛ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، چوار گەنج لە سنووری بەردەڕەش خنکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ