رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، ئاگرێكی گەورە لە شەش کۆگای پڕ لە کاڵا و کەلوپەل لە شاری سلێمانی کەوتەوە و لە ماوەی کەمتر لە سێ کاژێردا، سەرمایەی چەندین ساڵەی خاوەنەکانیانی کرد بە خۆڵەمێش.
رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام زیانە ماددییەکان بە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.
دیار محەممەد، کە خاوەنی یەکێک لە کۆگاکانە و زیاتر لە 250 هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نازانین هۆكاری ئاگرەكە چییە، تەنیا پێیان گوتین وەرن ماڵتان سووتاوە. كە هاتین، بینیمان ئاگر بە ئاسماندا دەچێت. نزیکەی 25 بۆ 30 دەفتەر دۆلار زیانم كردووە، ئینشائەڵڵا قەزا و بەڵای لابردووە."
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگرییان کرد لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ دەیان کۆگای دیکەی ناوچەکە. بەهۆی پتەویی دیوار و بنمیچی کۆگاکانەوە، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئاستەنگی بۆ دروست ببوو، بۆیە ناچار بوون بە شۆفڵ بیانڕووخێنن.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "ئاگادار کراینەوە کە ئاگر کەوتووەتەوە، سوپاس بۆ خوا توانیمان زوو کۆنترۆڵی بکەین و رێگەمان نەدا تەشەنە بسەنێت."
ئەو کۆگایانەی سووتان پڕ بوون لە کەلوپەلی جۆراوجۆر، لەوانە کەرەستەی جوانکاریی ئۆتۆمبێل، ئامێری کارەبایی، ماتۆڕ، تەختە و ئامێری دروستکردنی کەوانتەر و مێز. ئێستا جگە لە خۆڵەمێش و پاشماوەی سووتاو، هیچی دیکەیان لێ بەجێ نەماوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و رایانگەیاندووە هەرکەسێک هۆکاری رووداوەکە بێت، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ