رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و زانکۆی دهۆک لە دهۆک، ئەمڕۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەستیپێکرد. سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەش دەڵێت، 17 ئەم مانگە یەکەم رۆژی دەوامیان دەبێت و بڕیارە نێوەڕاستی ئەم مانگەش دەوامی خوێندکاران لە زانکۆی سلێمانیش دەستپێبکات.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە بە فەرمی دەواممان دەستپێکردووەتەوە؛ بەڵام هەموو ساڵێک رۆژ و هەفتەی یەکەم بەگوێرەی چاوەڕوانی ئێمە، خوێندکاران پابەندی دەوام نابن".
لەبارەی دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکانەوە، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی، "پێشتر داواکردنی بەشەناوخۆییمان بە ئۆنلاین راگەیاندبوو. لە سبەیەوە خوێندکاران بەشەناوخۆیی وەردەگرن".
زانکۆی دهۆکیش دەوامی دەستپێکردووە. د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، لە ئەمڕۆوە دەوامی خوێندکارانیان دەستیپێکردووە. لەبارەی دابەشکردنی بەشەناوخۆیشەوە گوتی، لە دوێنێ یەکشەممەوە دابەشکردنی بەشەناوخۆیی دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، د. مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی 17ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی دەوامی زانکۆکەمان دەبێت؛ هەمان رۆژ دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان بەسەر خوێندکاراندا دەستپێدەکەین".
نێوەڕاستی مانگی رابردوو د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە زانکۆی سلێمانی نێوەڕاستی ئەیلوول دەوامی فەرمی دەستپێدەکات.
دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی نوێی زانکۆکان لە کاتێکدایە، بڕیارە 13ـی ئەیلوول لە تەواویی هەرێمی کوردستان دەرگای قوتابخانەکانیش بەسەر قوتابیانیدا بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ