رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی راوێژکار ئاشکرای دەکات، بەپێی یاسا ئەگەر بەهای موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا دوای فرۆشتنیان بڕی ئەو قەرزەی پڕنەکردەوە کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بووە، ئەوا کۆمپانیای نالیا ناچاردەکرێت پارەکە پڕبکاتەوە، بەوپێیەش کە کۆمپانیاکە پشکدارییە ئەوا هەر خاوەن پشکێک بەپێی ژمارە و قەبارەی پشکەکانی دەبێت بەشداربێت لە گەڕاندنەوەی قەرزەکەی حکومەت.
کاروان هیمەت، پارێزەری راوێژکار لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی 60 موڵکی کۆمپانیای نالیا و فرۆشتنی بە زیادکردنی ئاشکرا لە بەرامبەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەو کۆمپانیایە گوتی: "بەپێی یاسا کاتێک خەمڵاندن بۆ فرۆشتنی موڵکی دەستبەسەرداگیراو دەکرێت، هەرکات لە زیادکردنی ئاشکرا کڕیار 70٪ـی نرخی خەمڵێندراوی پێدا ئەوا موڵکەکە دەفرۆشرێت و ئەگەر خواستیش نەگاتە 70٪ـی نرخی خەمڵێندراو، ئەوا پێویستە جارێکی دیکە خەمڵاندن بۆ موڵکەکە بکرێتەوە و دووبارە بخرێتەوە زیادکردن، بەڵام لە هیچ دۆخێکدا بەپێی یاسا رێگەپێدراو نییە هیچ موڵکێکی دەستبەسەرداگیراو بە کەمتر لە 70٪ی نرخی خەمڵێندراو بفرۆشرێت."
ئەو پارێزەرە پێیوایە، بەپێی ئەو وردەکارییەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژنامەی فەرمی لەبارەی نرخی خەمڵێندراوی 60 موڵکی کۆمپانیای نالیا بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت خەمڵاندنی ورد بۆ بەهای موڵکەکان کراوە.
بەپێی ئاگادارییەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی (3-9-2025) بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی، لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە 60 موڵک دەفرۆشێت، کە سەرجەمیان لە کەرتی (1)ـی مەڵکەندی و دەباشان تۆمارن بە ناوی [ کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری – هاوپشکی تایبەت] ، ئەویش بەرامبەر قەرزی خاوەن قەرز [ بانکی سلێمانی / ١ ] کە بڕەکەی [91,760,660,350] دینارە.
"چارەنووسی خاوەن پشکەکان"
کاروان هیمەت، پارێزەری راوێژکار باسی لە چارەنووسی خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای نالیا کرد کە ژمارەیان بە زیاتر لە (9 هەزار) خاوەن پشک دادەنرێت و گوتی: ئەگەر ئەو موڵکانەی دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، نەگاتە بەهای بڕی ئەو قەرزەی کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بووە، ئەوا کۆمپانیاکە ناچار دەبێت ئەو پارەیەی ماوەتەوە تەواوی بکات، ئەگەر کۆمپانیاکەش پشکداریی بێت، ئەوا هەموو خاوەن پشکەکان بەپێی قەبارەی پشکەکانیان ناچاردەبن بەشداربن لە پڕکردنەوە و تەواوکردنی قەرزەکە."
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ئەگەر خاوەن پشکەکان بیسەلمێنن کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نالیا دوور لە پێوەرەکان و بە ناڕوونی یان بە خراپی کۆمپانیاکەی بەڕێوەبردووە، دەتوانن سکاڵای لەسەر تۆماربکەن تاوەکو ناچار نەبن بەشداریی لە پڕکردنەوەی قەرزی کۆمپانیاکە بکەن و قەرزەکە بخەنەوە ئەستۆی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بەهای ئەو موڵکانەی کە دەخرێنە زیادکردنەوە بەمجۆرەن:-
ئەو موڵکانەی کە ژمارەیان 60 موڵکە لە کۆمپانیای نالیا و دەخرێنە زیادکردنی ئاشکرا نرخی خەمڵێندراویان بۆ هەر مەترێک دووجای زەوی 700 هەزار دیناری عێراقییە و ئەو زەوییانەش کە باڵەخانە و کابینەی گەشتیاریی و رێستۆرانت و هۆتێل و ئۆفیسیان لەسەر دروستکراوە، جگە لە بەهای زەوییەکە بەهای بیناکەش بەجیا خەمڵاندنی بۆ کراوە و کەلوپەلی نێو بیناکانیش بە هەمانشێوە دەخرێنە زیادکردنەوە.
لە بەدواداچوونەکەی رووداوی ئەمڕۆ دەردەکەوێت، بەهای خەمڵێندراوی 32 موڵکیان دەگاتە (8.928.640.000) دینار، هاوکات بەهای 8 موڵکیان دەگاتە (976.080.000) دینار و دوو موڵکیشیان کە پێکهاتوون لە هۆڵی سپی و ئۆفیسی کۆمپانیای چاڤی بەهاکەیان بە (6.200.000.000) دینار خەمڵێندراوە، کەپرە گەشتیارییەکانی نێو چاڤی لاندیش بەهایان بە (5.601.000.000) دینار و هۆتێلێکی نێو پرۆژەی چاڤی لاندیش کە تەنیا هەیکەلە و تەواونەکراوە بە (7.464.375.000) دینار خەمڵێندراوە.
جگە لەمانە، موڵکێکی دیکەی کۆمپانیای نالیا کە وێستگەی کۆتایی تەلەفریکی چاوی سلێمانییە لەسەر گۆیژە و کۆشکی گەشتیاریی و کافتریای لەسەر دروستکراوە بەهاکەی بە (6.800.000.000) دینار خەمڵێندراوە و دوو پارکینگی گەورەی نێو پرۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاندیش بە هاکەیان بە (6.758.550.000) دینار خەمڵێندراوە، بەوپێیەش کۆی نرخی خەمڵێندراوی 60 موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکوی کۆمپانیای نالیا دەگاتە (53.317.025.000) دینار و ئەگەر لە بڕی خەمڵێندراو زیاتر پارە نەکەن ئەوا پێویستە کۆمپانیای نالیا و هاوپشکەکانی کورتهێنانی قەرزەکان پڕبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ