رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان گوتی، خاوەن پڕۆژەکانی مریشک 4 بۆ 5 مانگە بە زیان مریشک دەخەنە بازاڕەوە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی راگەیامد، مریشک ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵبگیرێت و کاتی خۆی بخرێتە بازاڕەوە، بەڵکوو دەبێت لە کات و ساتی خۆیدا بخرێتە بازاڕەوە، بە زیان بێت یان بە قازانج.
نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، دەیان جار داوایانل ە حکومەت کردووە کە نرخ دیاری بکات. دیاریکردنی نرخیش زۆر بە ئاسانی لە ماوەی 72 کاژێردا دەتوانرێت بکرێت، ئەوەش لە رێگەی بۆرسەوە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەو بازرگانانەی مریشک لە دەکڕن، نیوەڕۆیان نرخێک دەربکرێت کە نە لەسەر هاونیشتمانییان گران بێت و نە خاوەن پڕۆژەش تووشی زیان ببێت."
بەپێی قسەکانی نازم عەبدوڵڵا، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک 2400 بۆ 2500 دینارە، لە کاتێکدا ئێستا مریشک لە بازاڕدا بە 2400 تاوەکو 2600 دینار دەفرۆشرێت.
کاریگەری ڤایرۆسەکان و کەمبوونەوەی بەرهەم:
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکان باسیشی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی وەک نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ (IB) کرد کە رۆژ بە رۆژ زیاتر کاریگەرییان لەسەر پەلەوەرەکان دەبێت.
ئەو دەڵێت، بەهۆی ئەم ڤایرۆسانەوە، نزیکەی 70%ی خاوەن پڕۆژەکان مایەی پڕۆژەکانیان بۆ ناگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر مریشک بە 4000 دیناریش بفرۆشن. ئەمەش وای کردووە نزیکەی 40%ی خاوەن پڕۆژەکان جووجک نەخەنە ناو هۆڵەکانیانەوە.
نازم عەبدوڵڵا گوتی، "پڕۆژەمان هەیە لە 50 هەزار مریشک، 30 هەزاری مردووە، یان لە 70 هەزار، 20 هەزاری بۆ دەرچووە. ئەم ڤایرۆسانە زۆر مەترسیدارن و حکومەت دەبێت بە جیدی وەریان بگرێت."
قسەکانی نازم عەبدوڵڵا لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئەمڕۆ سێشەممەی "ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
نازم عەبدوڵڵا ئاماژەی بە گرانبوونی یەک لیتر گاز کرد بە 300-400 دینار لە ماوەی نزیکەی 10 رۆژدا بەرزبووەتەوە و گوتی: "سووتەمەنی، پێویستیی سەرەکیی پڕۆژەکانە، بەهۆی ڤایرۆسەکان و گرانبوونی سووتەمەنییەوە، زۆر لە خاوەن پڕۆژەکان مایەیان بۆ ناگەڕێتەوە."
سەبارەت بە هەناردەکردنیش گوتی، مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەناردە دەکرێت، بەڵام بۆ سوریا نا. گوتیشی، "ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 147 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە. ئەگەر خاوەن پڕۆژەکان لە زیان نەترسن و حکومەت بازاڕێک دروست بکات، دەتوانین زیاتر لە 400 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم بهێنین و هەناردەشی بکەین."
سەرۆکی کۆمەڵەکە داوای لە حکومەت کرد، چاودێریی باشتر لەسەر مادە خۆراکییەکان و ڤاکسینەکان بکات و گوتی، "ڤاکسین ئەمنییەتی نیشتمانییە، نابێت هیچ کەسێکی بازرگان دەستی بۆ ببات. دەبێت تیمی حکومەتی هەرێم لە وڵاتێکی ئەوروپییەوە ڤاکسینی ئەمنی دابین بکات."
نازم عەبدوڵڵا ئاشکراشی کرد کە وەک کۆمەڵەیان، سەردانی بەغدایان کردووە بۆ کارئاسانی هەناردەکردنی مریشک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بەڵام کێشەی بازگەکانی حکومەتی عێراقی بەردەوامە.
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، لە هەرێمی کوردستان 1985 پڕۆژەی مۆڵەتدار و نزیکەی 600 بۆ 700 پڕۆژەی بێ مۆڵەت هەن.
تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 950 پڕۆژە هەن. بە گشتی، هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 80 هەزار تۆن گۆشتی مریشکی هەیە کە نزیکەی 170 هەزار تۆن زیاترە لە پێویستیی ناوخۆ.
نازم عەبدوڵڵا گوتی، "نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لەم کەرتەدا کار دەکەن، کە پڕۆژەکان، کرێکارەکان، کلینیکی ڤێتێرنەری، کارگەی ئالیک و دووکانی مریشکفرۆشی و هەڵهێنەرەوەکان دەگرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ