رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، سبەی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا بەرز دەبێتەوە، ''بەڵام لە یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە پارێزگاکە دەکات، کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 03-12-2025، مەهدی سابیری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە هەوای پارێزگاکە بەرەو پیسبوونی زیاتر دەچێت.
مەهدی سابیری ئاماژەی بەوە کرد، لە شارە گەورە و پیشەسازییەکان رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا بەرز دەبێتەوە، ''بەڵام لە رۆژی هەینییەوە، بەهۆی خێرایی با، بەتایبەتی لە باشوور و ناوەندی پارێزگاکە، رێژەی پیسبوونی هەوا کەم دەبێتەوە.''
ماوەیەکە لە پارێزگاکە رێژەیەکی بەرزی پیسبوونی هەوا تۆمار دەکرێت، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی ورمێ، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین روو لە پارێزگاکە دەکات کە تاوەکو کۆتایی هەفتەکە، لە زۆربەی شارەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت.
مەهدی سابیری پێشبینی دەکات شەپۆلە بارانبارینەکە بە تەواوی ببێتە هۆی چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا و دابەزینی پلەی گەرما.
هەوای بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر پیسە و بەو هۆیەوە ناوە ناوە قوتابخانەکان، زانکۆکان و دامەزراوە حکومییەکان دەکرێنە پشوو.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، پار 58 هەزار و 975 کەس لەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ