لە ناوەندێکی خوێندنی کەرکووک 18 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون

04-12-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
 ئامادەیی 'واستی'ـی کچان لە کەرکووک
ئامادەیی 'واستی'ـی کچان لە کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مانەوەی بەردی کۆنکرێتی و بەربەستەکان لەبەردەم ئامادەییەکە، هێشتا سیمایەکی سەربازییان پێوە هێشتووەتەوە، بەڵام لە پشت دیوارەکانەوە مەترسییەکە تەنیا رووکەش نییە. لە ئامادەیی 'واستی'ـی کچان لە کەرکووک، چیرۆکێکی تراژیدی هەیە؛ لە ماوەی چەند ساڵێکدا 18 مامۆستا و قوتابی تووشی شێرپەنجە بوون.
 
بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکە و مامۆستایان، دوای ساڵی 2003 ئەم قوتابخانەیە کراوەتە سەربازگەی هێزە ئەمریکییەکان. گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە مانەوەی پاشماوەی کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی لەو شوێنە، هۆکاری سەرەکی بێت بۆ تۆمارکردنی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووانی شێرپەنجە.
 
ئەسما سەلمان، مامۆستایە لە ئامادەیی واستی و خۆی یەکێکە لە تووشبووانی شێرپەنجە، ئەو دەڵێت: "تووشبوونی ئێمە پەیوەندی بە قوتابخانەکەوە هەیە. لەبەر ئەوەی پێشتر وەک سەربازگەی ئەمریکییەکان بەکارهاتووە، ژمارەیەکی زۆری کەرەستە و تەقەمەنی لە باخچەکەی ژوورەوەی تێدابوو."
 
چیرۆکەکان تەنیا بە تووشبوون کۆتاییان نەهاتووە، بەڵکو قوربانیشی لێکەوتووەتەوە. دایکی محەمەد شێروان مامۆستا بووە لەو قوتابخانەیە و بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستداوە.
 
محەمەد شێروان دەڵێت: "ئەم قوتابخانەیە چەند ساڵێک پاشماوەی کەرەستەی سەربازی تێدابوو، ئەوەش بووە هۆکاری شێرپەنجە بۆ کادرانی پەروەردەیی، خوێندکاران و تەنانەت خەڵکی گەڕەکەکەش. دایکی من یەکێک بوو لەو قوربانییانەی تووشی نەخۆشییەکە بوو."
 
لیژنەکان چی دەڵێن؟
 
دوای بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی و تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری سکاڵا لەلایەن خەڵک، مامۆستایان و خوێندکارانەوە، دۆسیەکە رەوانەی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق کرا.
 
دەستەکە لیژنەیەکی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێکهێنا و چەند جارێک سەردانی مەیدانی و پشکنینی تەندروستی و ژینگەییان بۆ شوێنەکە ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانەی گومانی هاووڵاتییان بوون.
 
زەمیا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند: "لیژنەیەکمان لە ئیدارەی خۆجێی، تەندروستی، پەروەردە و ژینگە پێکهێنا و پشکنینی ناوچەکەمان کرد. دواتر بە نووسراوێک ڕامانگەیاند کە ئەو شوێنە هیچ تیشکدانەوەیەکی زیانبەخشی لێ نییە. تەنانەت بۆ دڵنیایی، ئەوکات قوتابخانەکەمان بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ لە هەموو کەسێک بەتاڵ کردەوە و دەوام گواسترایەوە بۆ بینایەکی دیکە."
 
پەروەردە: ئامادەین دایبخەین
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک دەڵێت، پشت بەستن بە ئەنجامی پشکنینە فەرمییەکان دەوامیان لە قوتابخانەکە دەستپێکردووەتەوە، بەڵام دەرگایان دانەخستووە ئەگەر مەترسییەکە پشتڕاست بکرێتەوە.
 
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک لەوبارەیەوە گوتی: "ئەگەر موختاری گەڕەک و ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە بوون بێنە لای ئێمە، راپۆرتەکان بەرز دەکەینەوە بۆ سەرووی خۆمان و دووبارە لیژنەی بۆ دروست دەکەینەوە. ئەگەر لیژنەکە بیسەلمێنێ کە هۆکارێک هەیە بۆ نەخۆشییەکە، ئێمە ئەو بینایە دادەخەین، چونکە تەندروستیی خەڵک لای ئێمە گرنگترە."
 
بینای ئامادەیی واستی جگە لە مەترسییە تەندروستییەکان، بینایەکی کۆنە و پێشتریش هەوڵ هەبووە نۆژەن بکرێتەوە یان تێکبدرێت و سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە