رووداو دیجیتاڵ
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی لە رانیە رایگەیاند: "بە بەرنامە دەستڕێژی گولـلە لەماڵەکەم کرا و سەلامەتم"، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینیش دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس دەستگیرنەکراوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5-1-2022 دوو کەس لە نێو ئۆتۆمبێلێکی نیسان تیدا-تایبەت، دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵی محەممەد ناوەندی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و هەڵاتن.
محەممەد ناوەندی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ناتوانێت پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ کەسێک درێژ بکات و گومانیشی لە کەس نییە، چونکە نازانێت تەقەکەرەکان کێ بوون".
محەممەد ناوەندی گوتی: "هێرشی سەر ماڵەکەم بە بەرنامە بوو، دوو کەس لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان تیدا-تایبەت رەنگی سپی لەبەردەم ماڵەکەم دەوەستن و کەسی لای سەرنشین چوار گوللە بە ئاراستەی ماڵەکەم دەتەقێنێت، سوپاس بۆ خوا سەلامەتین".
جیگری لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی لە رانیە، گوتیشی: "هیچ زانیاریم لەسەر رووداوەکە نییە، بۆ لێکۆڵینەوەکانی لایەنە ئەمنییەکان جێیدەهێڵم".
هەروەها هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری تەقەکردنەکە دیار نییە، لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە".
هیوا قەرەنی گوتی، رووداوەکە هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە: "تاوەکو لێکۆڵینەوەکان نەگەنە ئەنجام ناتوانین هیچ شتێک لەسەر رووداوەکە بڵێین چونکە دیار نییە کێ بوون".
محەممەد ناوەندی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە گەڕەکی نەورۆز لە شارۆچکەی رانیە نیشتەجێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ