رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی کرماشان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 9 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون و زیاتر لە سێ هەزار جیابوونەوەش تۆمارکراون. هاوکات لەسەر ئاستی ئێران، کرماشان پلەی چوارەمی لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینیدا هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، مەنسوور عەزیزی، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی پارێزگای کرماشان ئاماری لەدایکبوون و مردنی 9 مانگی رابردووی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا 13 هەزار و 688 منداڵ لە پارێزگای کرماشان لەدایکبوون. مەنسوور عەزیزی ئاماژەی بەوە کرد، لەو ژمارەیە 340 حاڵەتیان منداڵی دووانە، سییانە و زیاتر بوون.
هاوژینی و جیابوونەوە
سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵایەتی، عەزیزی رایگەیاند، هەشت هەزار و 250 گرێبەستی هاوژینی تۆمارکراون، بەمەش پارێزگای کرماشان لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی چوارەم دێت بۆ پێکهێنانی خێزان. لە بەرامبەردا، لە هەمان ماوەدا سێ هەزار و 208 جیابوونەوە لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی کرماشان ئاشکرای کرد، لەو 9 مانگەدا 9 هەزار و 95 کەس لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان دوو ملیۆن و 80 هەزار و 761 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ