سوپای عێراق لە بازگەیەکی کەرکووک پێشمەرگەیەک دەستبەسەر دەکات و وێنەکەی بڵاو دەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بازگەی چیمەن لە سنووری کەرکووک، هێزێكی سوپای عێراقی دوای دەستگیرکردنی پێشمەرگەیەک، چەکەکانی لێوەردەگرن و وێنەشی بڵاو دەکەنەوە. فەرماندەیەکی کورد دەڵێت: "پێشمەرگەکە زیاتر لە چەکێکی پێبووە، بۆیە دەستگیرکراوە".
 
بە گوێرەی وێنەی پێشمەرگەکە، کە لەگەڵ ناسنامەکەی دا بڵاوکراوەتەوە، ناوی تۆڵە ئازاد محەممەدە و لە دایکبووی 07-10-1993یە و دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە لە شاری کەرکووک.
 
ئەفسەرێکی باڵا لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رووداوەکانی سووریا بازگەکانی حکومەتی عێراق تووندکراون و سوپا لە خەڵک دەپرسنەوە و بەتایبەت بۆ چەک دەگەڕێن، ئەوەش خۆیان دەڵێن بۆ رێگرییە لە دزەکردنی داعش، ئەو پێشمەرگەیەش لەو چوارچێوەیەدا دەستگیرکراوە کە چەکی پێ بووە".
 
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە کە ئاگاداری دۆسیەکەیە دەڵێت: "دوێنێ پێشمەرگەکەمان ئازاد کرد و لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق کۆبووینەوە، ئەوان گوتیان نووسراوی فیرقەکەی بهێنێت چەکەکانیشی پێدەدرێتەوە".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە کوردە، "هەموو پێشمەرگەکان بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە بە چەکەوە لە بازگەكانی حکومەتی عێراقدا هاتووچۆ نەکەن، چونکە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند رووداوێکی دەستگیرکردنی پێشمەرگە هەبووە".
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە، سوپای عێراق بۆ ئەندامانی سوپاکەی خۆشیان دوای دەوام چەکیان قەدەخە کردووە جگە لە دەمانچە بۆ ئەفسەرەکان. گوتیشی: "ئەو پێشمەرگەیەی دوێنێ دەستگیرکرا، جگە لە دەمانچە و کڵاشینکۆف، چەکی دیکەشی پێ بووە".
 
11ـی مانگی رابردوو، لەنێوان قەزاکانی کفری و خوورماتوو، لە رووداوێکی هاوشێوەدا هەشت پێشمەرگە بەهۆی ئەوەی چەکیان پێ بوو لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکران و هەمان رۆژ ئازاد کران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لاهوور شێخ جەنگی

دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی لالەزار گەیشتە هەولێر

دوای ئەوەی مانگی رابردوو دادگەی سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ وردبینی رەوانەی هەولێر بکرێت، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێت، دۆسیەی 12 کەسیان گەیشتووەتە هەولێر.