عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوورخرایەوە

05-03-2024
هۆرڤان رەفعەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتەکەیانی دوورخستەوە و بڕیاریدا بە لێسەندنەوەی سەرجەم دەسەڵات و موڵکەکانی.
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ، سێشەممە، 5ـی ئادار کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی راوێژکاری و چاودێری لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم مەڵبەندەکان بە سەرپەرشتی محەممەدی حاجی مەحممود سەرۆکی پارتی سۆشیالیست دیموکرات بەڕێوەچوو."
 
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "ژمارەیەک تەوەری گرنگ بە ناوخۆی حیزب و هەرێمی کوردستان تاوتێکران".
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە زۆرینەی دەنگی سەرکردایەتیی حیزب بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە جێگری سەرۆکی حیزب، لە ئەندامێتیی حیزب. سەرجەم پاسەوان و ماڵ و موڵکەکانیشی کە لەڕێی حیزبەوە دەستیکەتوون، لێوەردەگیرێنەوە".
 
د. فەرهاد تۆفیق سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە گوتی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب، هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی لە 30 کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئامادە نەبێت، دوردەخرێتەوە و دەردەکرێت."
 
گوتیشی، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود "لە ریزەکانی حیزبمان دورخرایەوە بەهۆی پابەندنەبوونی بە پەیڕە و پرۆگرامی حیزب و ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەکان، ئەرکەکانی خۆی پشتگوێ خستووە و دژی سیاسەتی حیزبیش کاری کردووە، بۆیە بە تەواوەتی دەرکراوە".
 
 
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد: "جگە لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، ژمارەیەکی دیکەی ئەندامانی سەرکردایەتی کە نزیک بوون لەناوبراو ئێستا سڕکراون و بەهۆی پێشیلکردنی پەیڕەی ناوخۆی حیزبەوە ناتوانن بەشداریی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی حیزب بکەن."
 
سەبارەت بە پۆستە وەزیرییەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، گوتەبێژی حیزبەکە گوتی: "عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کورستان وەزیرە، بۆیە ئێمە هەر کات بمانەوێت بە مافی خۆمانی دەزانین داوای ئەو پۆستە بکەینەوە و کەسیکی دیکەی بۆ کاندی بکەین."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "بەڵام ئێستا داوامان کردووە ماڵ و موڵکی هەمووی بگەڕێنێتەوە گوڵەخانە و دەبێت سەرجەم پاسەوانە حیزبییەکانی و سەرجەم ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵکەکانی کە موڵکی حیزبن، هەمووی بگەڕێنێتەوە".
 
جیاواز لە بابەتی دەرکردنی جێگری سەرۆکی حیزبەکەیان، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێم دەکەین بۆ هەڵبژاردن و لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە دانانی بەرنامە بۆ چۆنییەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ئێمە بەشداری دەکەین و لەگەڵ پارت و لایەنەکانی دیکەش لە ئێستاوە گفتوگۆی بە هاوپەیمانییەتی بەشداریکردن یان لیستی سەربەخۆ دەکەین".

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە