گەنجێک بە چاوی بە فرمێسکەوە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر: سێ دووکانم سووتا و هیچم بۆ رزگار نەکرا

05-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.
دیمەنی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و دوای سێ کاژێر کۆنترۆڵ کرا. بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە رووی ئەمنییەوە بازاڕەکە پارێزراوە.
 
بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: "زۆربەی شوێنەکان کۆنترۆڵکراون. شوێنێکی بچووک ماوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی خەریکن و ئیشەڵلا کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەوەی گرنگە، کەس هیچی لێنەهاتووە، خەڵک هەمووی سەلامەتە. لە رووی ئەمنییەوە هەمووی پارێزراوە." 
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە گوتی، 16 تیمی ئاگرکوژاندنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. 

 

 
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە روویدابێت.
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی رووداو لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە تۆماری کردوون، لە رووداوەکەدا بریندار هەیە. 
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەشێکی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا چوونەتە قووڵایی بازاڕی قەیسەری بۆ ئەوەی ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن. گوتیشی لەو بەشەی بازاڕەکە کە ئەوی لێیە، نزیکەی 50 دووکان زیانیان بەرکەوتووە. 
 
هێزێکی ئەمنیی زۆر لە دەورووبەری شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کۆبوونەتەوە؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، تیمە ئەمنییەکان داوا لە خەڵکی دەکەن لە ئاگرەکە نزیک نەکەونەوە. هاوکات، بەهۆی مەترسیی "دزیکردن" رێگە نادەن خەڵکی بچنە ژوورەوە. 
 
یەکێک لە شایەتحاڵان بە رووداوی گوت، ئاگرەکە کاژێر 9:30 خولەکی ئەمشەو کەوتووەتەوە. 
 
پارێزگاری هەولێر، سەرۆکشارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی رووداوەکەن.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکی ئێکسدا رایگەیاند: "لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر قسەم کرد و دڵنیای کردمەوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر."

 

 
یەکێک لە شایەتحاڵان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بۆ بوونی پەردەی داپۆشینی کەلووپەلەکان گەڕاندەوە: "پێشتر شارەوانی دووکاندارەکانی ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی پەردە هەڵگرن. هەندێک رازی بوون، هەندێکیشیان پابەند نەبوون." 
 
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت: "ئاگرەکە لە بازاڕی سێبیران و کۆڵانی یەکەمی قەیسەری کەوتووەتەوە." شایەتحاڵێکی دیکە بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 20 دووکان سووتاون. 
 
 
خاوەن دووکانێک بە پەیامنێری رووداوی گوت: "دووکانەکەمان هەمووی سووتاوە، بایی دوو دەفتەر دۆلار زیانمان بەرکەوتووە." 
 
کارمەندێکی بەرگریی شارستانی لە رێگەی رووداوەوە داوای لە خەڵکی کرد، شوێنەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن بە دروستی کاری خۆیان بکەن و ئاگرەکە بکوژێننەوە. 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.