رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ رۆژانی جەژن کراوە و گوتیشی، ''بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ئاژەڵ سەرببڕن.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-06-2025، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە رۆژانی جەژنی قوربان رایگەیاند، ''ئەم ساڵ پێچەوانەی ساڵانی پێشووە، بەهۆی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە شوێنی جۆراوجۆر نادرێت.''
گۆران قادر ئاماژەی بەوە کرد، ''رێکاری تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە بیانەوێت لەسەر شەقامەکان یان شوێنە گشتییەکان ئاژەڵ سەرببڕن، ئێستا ئەم بابەتەمان لە سلێمانی نەهێشتووە''.
ئەم ساڵ لە سلێمانی بۆ جەژنی قوربان، جگە لە گۆڕەپانی ئاژەڵان، لە هیچ شوێنێکی دیکە رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ نادرێت. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەکی قایمقامیەتی سلێمانی بە وردیی چاودێریی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە گۆڕەپانەکە دەکات، بۆ ئەوەی گۆشتی تەندروست بگاتە دەستی خەڵک.
گۆران قادر کە هاوکات گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانیشە ئاماژەی دا، ''چەندین لیژنەمان پێکهێناوە و لە بازگەکانی عەربەت، تاسڵوجە و ناوەندی شاری سلێمانی پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت، هەر زانیارییەکیان پێویست بێت بە نووسراوە یان بە شێوەی زارەکی پێیان دەدرێت.''
بەگوتەی گۆران قادر، لە رۆژانی جەژندا لیژنەیەکی قایمقامیەتیش چاودێریی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکات.
بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران رۆژانی جەژن هەموو شوێنە گەشتیارییەکان کراوە دەبن.
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، ''ئێمە رێنمایی سەرجەم شوێنەکانمان کردووە کە ئەو خواردنگە و شوێنە گەشتیارییانەی پێویستن لە رۆژانی جەژندا کراوە بن، بکرێنەوە.''
لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی 28ـی ئایاری 2025 رایگەیاند: رۆژی 6-6-2025 یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ