رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، کێشه‌ى مووچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، "ده‌بێ به گفتوگۆ و لێکگهيشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چاره‌سه‌ر بکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا جەژنە پیرۆزەی لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کێشه‌ى مووچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به گفتوگۆ و لێکگهيشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان چاره‌سه‌ر بکرێت که خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات."
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "کوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەموو رێگەچارەیەکی دەستووری دەگرینە بەر."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 28ـی ئایار، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن بەبیانووی ئەوەی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەدا وەرگرتووە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە کە چاوەڕوان دەکرا لەو کۆبوونەوەیەدا کێشەی مووچە باسبکرێت، بەڵام کێشەکە نەخرایە کارنامەی کۆبوونەوەکەوە.
پێش ئەو کۆبوونەوەیەش، فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. دواتر فراکسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندوون، "چیدیکە ناتوانێت بڕیار لە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بدات. ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
به بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جەژنی قوربانه‌وه، جوانترين و گه‌رمترين پيرۆزبايى پێشکەش بە هەموو موسڵمانان له هه‌رێمى کوردستان، عێراق و جيهان ده‌که‌م. له خواى مه‌زن داواکارم جه‌ژن به خێر و خۆشى بگه‌ڕێته‌وه و ئارامى، ئاسووده‌يى و کامه‌رانى بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆي‌دا بهێنێت.
لەم بۆنه پيرۆزه‌دا، داکۆکى له واتا و ماناکانی جه‌ژن له قوربانیدان و بەزەیی و ئاشتبوونه‌وه ده‌که‌ين. بانگەواز نوێ دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی گيانى لێکگەیشتن و هاوکاری و کارکردنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی کێشه و ئاڵنگارييهکان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دڵنیابوون لە ژیانێکی شایستە بۆ هەموو هاووڵاتیيان.
کێشه‌ى مووچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به گفتوگۆ و لێکگهيشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چاره‌سه‌ر بکرێت که خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات. کوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەموو ڕێگەچارەیەکی دەستووری دەگرینە بەر.
هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی لۆژيک و بەرپرسیاريه‌تيی هاوبه‌ش، بە شێوەیەک دڵنیايى لە داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو پێکهاته‌کانى عێراق بدات.
جه‌ژنى قوربان له هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێک به خۆشى.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
2025/6/5
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ