رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، سبەی دوایین رۆژی گەرمای ئەمساڵ دەبێت و لە دوو سبەیەوە پلەی گەرما دادەبەزێت و کۆتایی بە گەرمای بەرزی هاوینی ئەمساڵ دێت.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی یەک بۆ دوو پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە؛ بەرزترین پلە لە گەرمیان دەبێت بە 46 پلەی سیلیزی؛ نزمترینش حاجی ئۆمەران دەبێت بە 33 پلەی سیلیزی.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی کەشوهەوا "زۆر گەرم" دەبێت و لە دوو سبەی پێنجشەممەوە بە قۆناخ دابەزینی پلەی گەرما دەستپێدەکات. گوتیشی، "پێنجشەممە 2 بۆ 3 پلە، پلەی گەرما دادەبەزێت و ئەو دابەزینە رۆژانە بەردەوام دەبێت. لە 10ـی ئەیلوولەوە بە تەواویی هەست بە فێنکی دەکرێت و کۆتایی بە گەرمای ئەمساڵ دێت".
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، 23ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی پاییزە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 43 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 41 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 44 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 43 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 43 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 33 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 40 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 46 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ