رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گرتە ڤیدیۆی بۆردوومانکردنی 16 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
کاژێر 21:11 خوولەکی شەوی 3ی تشرینی یەکەمی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 16 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد.
لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکان لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی تورکیا کراون، "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان؛ کاژێر 20:00ی رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس کرا."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاندبوو، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 16 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرانە ئامانج. رێکاری تەواویش گیراوەتەبەر بۆئەوەی خەڵکی بێتاوان و شوێنی مێژوویی زیانیان بەرنەکەوێت."
کاژێر 09:30 خوولەکی رۆژی یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا.
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ن هێرشەکەیان کردووە.
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 20 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی دیارینەکردووە.
ماوەی دوو رۆژیشە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە و چەند کەسێکیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ