75 رۆژ بەسەر وەرگرتنی گەنمدا تێپەڕی و بەشێکی زۆری جووتیاران چاوەڕێی پارەن

05-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆی پارەی گەنمی هەرێمی کوردستان، دوای دوو مانگ و نیو، حکومەتی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ 38٪ـی پارەی گەنمی جووتیارانی ناردووە. بەرپرسی سایلۆی دهۆک دەڵێت، پێیان گوتوون هەفتەی داهاتوو پارەی دیکە دەنێرن.
 
حکومەتی عێراق بایی 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 225 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و جووتیاران چاوەڕێی پارەی دیکەن.
 
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرپرسانی عێراق پێیان راگەیاندووین هەفتەی داهاتوو پارە دەنێرین، بەڵام ئەوە جاری یەکەم نییە بەو جۆرە دەڵێن و هەرکات دەپرسین، دەڵێن هەفتەی داهاتوو".
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەنمی جووتیاران نێردراوە بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: 64 ملیار و 373 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە 95 ملیار و 841 ملیۆن دینار و بۆ دهۆکیش زیاتر لە 65 ملیار دینار.
 
بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک گوتی، زیاتر لە 87 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی سنوورەکەیان ماوە و جووتیاران چاوەڕێن حکومەتی عێراق پارە بنێرێت.
 
هەر رۆژی شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیان گوتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی عێراقی راسپاردووە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو بڕە پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ بۆ گەنمی جووتیاران نێردراوە بە دوو جار بووە. جاری یەکەم 21ـی مانگی تەمموز بوو کە بەم شێوەیە دابەشی پارێزگاکان کرا: 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بوو.
 
09ـی ئەیلوول بڕیاری خەرجکردنی دووەم بڕە پارە درا؛ بۆ پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار؛ سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و دهۆک 35 ملیار و 541 ملیار دینار بوو.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارکردن لە پڕۆژەیەکی رێگەوبان لە سنووری بەردەڕەش. وێنە: ئەرشیڤ

ئاوەدانکردنەوەی دهۆک: 160 ملیار دینار بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی رێگەی گوندەکان خەرجکراوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی رێگەی گوندەکان خەرجکراوە