ئاری هەرسین: لە سلێمانی بە تەمای 7 کورسین

05-10-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، دەستپێکردنی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دەڤەری راپەڕین راگەیاند و دەڵێت، نزیکەی شەش مانگە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و ئەمڕۆش بە هەڵواسینی فلێکس و رازاندنەوەی بارەگاکان لە شەقام و کۆڵانەکاندا، بانگەشەکە بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
 
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەگەر لە کورسییەکانی پێشوویان زیاتر نەهێنن، کورسییەکانی پێشوو دەهێننەوە و یەکەم دەبن.
 
ئاری هەرسین گوتی: "ئامانجمان بەدەستهێنانی 7 کورسییە لەو دەڤەرەدا و پارتی رکابەری یەکێتییە لە بازنەی سلێمانی."
 
بەرپرسی لقی پارتی لە سلێمانی جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا کردەوە و رایگەیاند، گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی لایەنە عێراقییەکان و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا، دوو فاکتەری سەرەکیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانن. گوتیشی: "پێویستە کورد هەمووی یەک فراکسیۆن بێت لەناو پەرلەمانی عێراقدا."
 
لەبارەی کەمپەینی هەڵبژاردن، ئاری هەرسین داوای  کرد بانگەشەکردن بە نرخی شکاندنی بەرامبەر نەبێت و گوتی: "ئەم رێکلامکردنە نابێت لەسەر شکاندنی بەرامبەر بێت یان تەشهیری نابەجێ."
 
ئاری هەرسین ئاماژەی بەوەدا کە لە هەڵبژاردنی پێشووشدا پارتی دەستپێشخەری هێرشکردنە سەر لایەنەکانی دیکەی نەکردووە و هیوادارە لایەنەکان بە دڵی خۆیان بانگەشە بکەن، بەبێ دروستکردنی کاردانەوە.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەربژێرەکان، ئاری هەرسین روونی کردەوە کە پەروەردەی ئەکادیمی تاکە پێوەر نییە و پێویستە کاندیدەکان توانای قسەکردن بە زمانی عەرەبی، توانای گفتوگۆ و دانوستاندن، گوێگرێکی باش، بوێری و بەرگری لە میللەتەکەیان هەبێت. جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی بەربژێر نابێت دەستکەوتی کەسی بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە