45%ـی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواوبووە و هۆشداریی دەدرێت لە راگرتنی کارەکانی

05-11-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی نیوەی کارەکانی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتری)ـی سلێمانی تەواوبووە، بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت تاوەکو ئێستا 150 بۆ 170 ملیار دینار لە پرۆژەکەدا خەرجکراوە بەڵام حکومەت تەنها 15 ملیار دیناری بۆ خەرجکردوون. بۆیە هۆشداریی دەدات کە "لاوازیی پارەدارکردنی حکومەت رەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی راگرتنی کارکردن تێیدا".
 
شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان، لە لێدوانێکدا بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت " کارەکانی بڕین و پڕکردنەوەی شەقامەکانی پرۆژەکە لە کۆتاییەکانیەتی و رێژەی 95٪ی تەواوبووە، 12 پرد و ئەندەرپاس و یەکتربڕیشی تێدایە و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ئەگەری هەیە بۆ بەهاری ساڵی 2022 دەست بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی پرۆژەکە بکەین".
 
سەبارەت بە پارەدارکردنی پرۆژەکەشەوە گوتی "تاوەکو ئێستا بڕێکی کەمی ئەو بڕە پارەیەی خەرجمانکردووە لەلایەن حکومەتەوە خەرجکراوە کە تەنها 15 ملیار دینارە و ئەگەر بەمشێوەیە پارەدارکردنی حکومەت کەم و لاواز بێت، ئەگەری ئەوەی هەیە پرۆژەکە کارەکانی رابگرێت".
 
شاباز سدیق هەروەها یەکێکی دیکە لە کێشەکانیانی لانەبردنی زێدەڕۆییەکان ناوبرد و گوتی: "نزیکەی دوو کیلۆمتر لەزێدەڕۆییەکانی سەر شەقامەکە هێشتا لانەبراون و پێویستە ئەوەش چارەسەربکرێت".
 
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لە دروستكردنی رێگایە‌كی خێرای 100 مەتری، درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە کە لە‌شارۆچكە‌ی تاسڵوجە‌وە دە‌ستپێدە‌كات تاوە‌كو دە‌گاتە‌ دە‌مركان نزیك شارۆچكە‌ی عە‌ربە‌ت.
 
پرۆژەکە چوارسایدی ھاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت کە ‌پانی سایدی سە‌رەكی 21 مەترە و سایدی خزمە‌تگوزاری 9 مەترە كە‌دووسایدیان بۆ رۆشتن و دووانیان بۆ ھاتن بە‌كاردە‌ھێندرێت، سایدە‌ سە‌رە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وامن و سایدە‌ خزمە‌تگوزارییە‌كان و یە‌كتربڕە‌كان و سایدە‌ سە‌رە‌كییە‌كان بە‌یە‌ك دە‌بەستێتە‌وە‌ بۆ چونە‌دە‌رە‌وە‌ و ھاتنە‌ ناوە‌وە‌ی ئۆتۆمبێل.
 
ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتریی سلێمانی) لەلایەن شارەوانیی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت" کارکردن لەهەموو پرۆژەکە بەردەوامە و رۆژانە هەزار کرێکار و 600 ئامێر کاری تێدا دەکەن، پرۆژەکە زۆر چووەتە پێشەوە، بەڵام کێشەی کەمی پارەدارکردنی لەلایەن حکومەتەوە هەیە و ئومێددەکەین حکومەت بەزوویی پارەی دیکە بۆ پرۆژەکە تەرخان بکات".
 
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی  لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە‌چە‌ند قوناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت، گوژمەی پرۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیارە لە‌ماوە‌ی 1100 رۆژ تە‌واوبكرێت کە 30-8-2023یە، كۆمپانیای قە‌یوان جێبە‌جێكاری سە‌رە‌كی پرۆژە‌كە‌یە‌ بە‌سە‌رپە‌رشتی سە‌رۆكایە‌تی شارە‌وانی سلێمانی و بە‌رێوە‌بە‌رایە‌تییە‌ پە‌یوە‌ندیدارەکان دیکە وە‌ك بەڕێوە‌بە‌رایە‌تی ئاو، كارە‌با و بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی ھاتووچۆی سلێمانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".