رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەکو یەکەم قەزا لە هەرێمی کوردستان، کارەبای ئامێدی کراوەتە پریپەید. بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەوە کارکردن بە موەلیدەکانی سەنتەری ئامێدی راگیراوە.
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەکو یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کارەبای قەزای ئامێدی کرا بە پریپەید.
لەوبارەیەوە هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماوەی 10 رۆژە بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لە ئامێدی تەنیا یەک کارەبا هەیە، کە کارەبای نیشتمانییە و بە شێوەی پریپەیدە.
هرووری گوتی، بڕیارەکە تەنیا سەنتەری قەزای ئامێدیی گرتووەتەوە، لە سەنتەری قەزاکەش سێ موەلیدە هەبوون و ئێستا کاریان پێ ناکرێت و کوژێندراونەتەوە.
دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک؛ سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ی جێبەجێکرد.
تاوەکو ئێستا چەند جارێک دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕەزاییان دەربڕیوە و دەڵێن سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا، کە لە سلێمانی نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و لە هەولێر بۆ 175 دینار بەرزبووەتەوە.
کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "پرۆسەی دانانی سیستمی پریپەیدمان، وەکو هەنگاوێکی ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، نزیکەی 40 هەزار هاوبەش کارەبایان کراوەتە پریپەید لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش."
لەبارەی گرانی نرخ و نیگەرانیی هاونیشتمانیان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەمەندی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە کۆی سیستمی پریپەیدی کارەبا لەرووی (تەکنیکی، خزمەتگوزاری، نرخ و جێبەجێکردن)، هەموو ئەو تێبینیانەی هەبوون لەسەر کۆی سیستمەکە رەچاودەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ