لە هەولێر دوو کاژێر مۆڵەت بە کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت دەدرێت دەنگبدەن

05-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو- هەولێر

سێشەممەی داهاتوو جگە لەو کارمەندانەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەرکدان، لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت پشووە،پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەتیش دوو کاژێر مۆڵەتیان هەیە.

هەفتەی داهاتوو، دەنگدانی گشتی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لەو چوارچێوەیەدا لە رۆژی دەنگدانی گشتی لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام ئەم پشووە کەرتی تایبەت ناگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەوەی هەموو خەڵک لە رۆژی دەنگدان بتوانن بەشداری لە دەنگدان بکەن، رۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەم، رۆژی دەنگدانی گشتییە و لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت پشووی فەرمییە، بەڵام ئەم پشووە کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت ناگرێتەوە؛ کارئاسانیمان بۆ ئەوانیش کردووە."
 
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "هەموو کارمەند و کرێکارێکی کەرتی تایبەت، رۆژی سێشەممە دەتوانێت دوو کاژێر مۆڵەت وەربگرێت و بڕوات بۆ دەنگدان."
 
ئومێد خۆشناو، سەرجەم کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیاکانی ئاگادار کردەوە هەر خاوەنکار و کۆمپانیایەک رێگەی پێنەدان بچنە دەنگدان، ئاگاداریان بکەنەوە.
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، سەرجەم رێگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کراوە دەبن و هاتووچۆی هاووڵاتییانیش بە ئۆتۆمبێل لەنێوان شار و شارۆچکەکان ئاساییە و رێگەپێدراوە؛ هەموو هەوڵێک بۆ کارئاسانیی دەنگدەران دەدرێت تاوەکو بتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
 
بڕیارە رۆژانی 9 و 11ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنگدانیان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، وەکو موسڵ، کەرکووک و دیالە.
 
رۆژی سێشەممە، 4-11-2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک کارئاسانییەک بۆ فەرمانبەران و خوێندکارانی ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سێ رۆژ پێش رۆژی هەڵبژاردن دەکرێتە پشوو."
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، 4-11-2025، رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، واتە سێشەممەی داهاتوو، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، پشووی فەرمی بێت.
 
دەنگدانی تایبەت لە 9-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە