رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەڵبەندی 7ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەینەوا دەڵێت: "لە نەینەوا ململانێی تووند هەیە و سوننە بەهێزە، بەڵام یەکێتی هەوڵی زیادکردنی دەنگەکانی دەدات."
رۆژی 05ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاراس محەممەد ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی حەوتی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "نەخشەی سیاسی لە نەینەوا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، پێچەوانەی رابردوو سوننەکان کە لە شارەکەدا زۆرینەن بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا دەکەن و لیستی بەهێزییان هەیە و کاریگەری لەسەر لایەنەکانی دیکە دروست دەکەن."
لەبارەی دۆخی کورد لە پارێزگەکەش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەو کاتەی کورد زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانی لە ژێر دەست بوو، دۆخی لە پارێزگاکەدا زۆر باش بووە و توانیویەتی زۆرینەی کورسییەکان بباتەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2023 لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 50 هەزار و 606 دەنگ دوو کورسی بردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا بە ناوی هاوپەیمانیی یەکێتیی ئەهلی نەینەوا بە 31 بەربژێر بەشداری هەڵبژاردن دەکات، ئاراس محەممەد ئاغا دەڵێت: "لیستەکەیان هەموو پێکهاتەکانی تێدایە و چاوییان لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانیان لە نەینەوا زیاتر بکەن".
پارێزگای نەینەوا لەم هەڵبژاردنەدا یەک بازنەی هەڵبژاردنە 34 کورسی هەیە کە سێیان بۆ کۆتان، 1047 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکان دەکەن.
سوننەکان لە نەینەوا بە 11 لیست و 602 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، لە بەرامبەردا شیعەکان بە 4 لیست و 240 بەربژێری نێو لیستەکانیان، جگە لە لیستەکانیش بە چەندین بەربژێری سەربەخۆ چاویان لە 3 کورسی کۆتاکانی کریستیانە."
ئاراس محەممەد ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی 7ی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوەکرد، بەهۆی زۆری ژمارەی کورسییەکانەوە هەموو لیست و پێکهاتەکانی عێراق لە نەینەوا دا کێبڕکێ دەکەن.
کەمتر لە سێ رۆژ لەبەردەم لایەنەکانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، پێش ئەوەی یەکشەممە، 9-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ