رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، کەسوکاری 150 گەنجی ناوچەکە گردبوونەوە و داوایان لە حکومەت کرد هاوکارییان بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە لیبیا گیریان خواردووە.
رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "بە گوتەی کەسوکاری ئەو گەنجانە، نزیکەی 6 مانگە 150 گەنجی ئیدارەی راپەڕین لە لیبیا گیریان خواردووە. هەفتەیەکە بێدەنگن و دەڵێن، لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون و بۆ ئازادکردنیان داوای پارەیان لێ دەکەن."
پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد، کەسوکاری ئەو گەنجانە بۆ ئەوە گردبوونەتەوە کە حکومەت هاوکارییان بکات و بیانگەڕێنێتەوە.
یەکێک لەوانەی خۆی بە کەسوکاری گەنجەکان ناساند بە رووداوی گوت، "نزیکەی هەفتەیەکە ئاگامان لێیان نەماوە. شەش بۆ حەوت مانگە لەوێن؛ ئێستا میلیشیاکان دەستبەسەریان کردوون. قاچاخچییەکانیش بۆ هەر کەسێک داوای 3 هەزار و 500 دۆلار دەکەن. هەموو ئەو گەنجانە خەڵکی سنووری بیتوێن و پشدەرن."
کەسێکی دیکە لە کەسوکاری گەنجەکان کە لە گردبوونەوەکەدا ئامادەبوو، گوتی، "تیکتمان بە 3000 دۆلار بۆ بڕین، 2500 دۆلاریشیان لێ وەرگرتین و ئێستاش داوای 3500 دۆلاری دیکە دەکەن بۆئەوەی بیانگەڕێننەوە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "ئەو گەنجانە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە؛ جار هەیە سێ بۆ چوار رۆژ خواردنیان پێ نادەن؛ چوار بۆ پێنج رۆژە هیچ قسەمان لەگەڵ نەکردوون و دەنگیان نییە، داوا لە حکومەت دەکەین ئەو گەنجانەمان بۆ بهێنێتەوە."
رۆژی 01-01-2026 بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 1500 کەس لە سنوورەکەیان کۆچیان کردووە.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپاش بە رووداوی گوت، "ساڵی رابردوو لە دەڤەری راپەڕین 1500 کەس کۆچیان کردووە. لە هەرێمی کوردستان 11 کەسیش بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 6 کەسیان خەڵکی راپەڕین بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ