رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری دابەشکردنی نەوتی سپی بڵاوکردەوە و دەڵێ، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە. قایمقامی دهۆک ئاماژە بە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار دەکات و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێریش دەڵێ، دەکرێ نەوت بەسەر خەڵکی ناوچە شاوخاوییەکان دابەشدەکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاویکردەوە، تاوەکو 04-01-2026، بڕی 134 ملیۆن و 900 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر 674 هەزار و 501 خێزاندا لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان دابەشکراوە؛ 415 هەزار و 322 خێزانیش هێشتا نەوتیان وەرنەگرتووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 267 ملیۆن لیتر نەوتە؛ ئاماژە بەوەشکراوە، تاوەکو ئێستا 134 ملیۆن و 900 هەزار و 200 لیتر نەوت بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە و تەنیا سەنتەری شار ماوە و ئەویش لە پلاندایە دابەش بکرێ، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە و بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە، لە پلانماندایە جارێکی دیکە نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش بکەینەوە."
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای دهۆک، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری دهۆک دەستپێدەکات و پرۆسەکە لە هەموو دەوروبەری شارەکە کۆتایی هاتووە."
قایمقامی دهۆک گوتی، "کێشەکە لەوەدایە کە نەوتەکە بە پچڕپچڕی دەگات، بەڵام دابەشکردن بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو هاونیشتمانییەک سوودمەند دەبێت."
بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕی نەوتی دابەشکراو بەسەر هاونیشتمانییان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستیان بە 100 هەزار و 710 و 600 لیترە و تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 25 ملیۆن و 244 هەزار لیتر نەوت بەسەر زیاتر 176 هەزار و 220 خێزان دابەشکراوە؛ لە ئیدارەی سۆرانیش 17 ملیۆن و 509 هەزار و 400 لیتر بەسەر زیاتر لە 87 هەزار خێزان دابەشکراوە.
پارێزگای سلێمانی پێویستی 103 ملیۆن و 800 هەزار لیتر نەوتە. تاوەکو ئێستا 55 ملیۆن و 65 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 275 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە 6 ملیۆن و 200 هەزار لیتر نەوتە؛ تاوەکو ئێستا 6 ملیۆن و 25 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 30 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ پێویستیان بە 85 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای دهۆک 18 ملیۆن و 596 هەزار و 200 لیتر بەسەر زیاتر لە 92 هەزار خێزاندا دابەشکراوە؛ لە ئیدارەی زاخۆش 2 ملیۆن و 460 هەزار لیتر بەسەر 12 هەزار و 303 خێزان دابەشکراوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، یەک ملیۆن و 584 هەزار و 600 لیتر نەوت لە کۆگەکان ماوە.
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
لە سەنتەری شارەکان بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هاونیشتمانییان، لە گوندەکانیش بە 105 هەزار دینار.
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ