پرسی سەرەکی لە ئەنجوومەنی ئاسایش مووچە، هەڵبژاردن و هێرشەکانی سەر هەولێر بوو

06-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ سێشەممە، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی وەرزیی خۆی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. 
 
بەشێکی گوتارەکەی پلاسخارت لەبارەی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. 
 
"هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر"
 
جێنین پلاسخارت گوتی، هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر بووە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل و منداڵی بێتاوان.
 
نێردەکەی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و و گوتی، "هێرشەکە لەسەر بنەمای هەندێک تۆمەت بوو کە حکومەتی عێراق بە تووندی رەتیان دەکاتەوە و ئەو کارانەش پێچەوانەی ئەو پێشکەوتنە گەورانەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بەدیهاتوون". 

 

 
شەوی دووشەممە 15-01-2024، بە 11 مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی هەولێر، کە پێنج مووشەک لەوانە ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی هەولێر کران و بەو هۆیەوە خۆی، منداڵێکی کەمتر لە یەک ساڵی، کارگوزارێکی ماڵەکە و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا.
 
دوابەدوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، "بنکەی سیخوڕیی رژێمی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج"، حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەو تۆمەتانەیان رەتکردنەوە و رایانگەیاند، وەک دیارە ماڵی هاووڵاتی سڤیل کراوەتە ئامانج. 
 
کێشەی بودجەی نێوان بەغدا و هەولێر 
 
پلاسخارت لە گوتارەکەیدا باسی لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "گرفتە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن. راستە گرفتی تەکنیکی هەن، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە بەهۆی ئەو گرفتانەوە خەڵکی رۆژانە رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە".
 
نێردەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لەبارەی بودجەوە گوتی، "بڕیاری ئەم دواییەی حکومەتی ناوەندیی بۆ ناردنی شایستەیەکی دارایی بۆ مانگی کانوونی دووەم هەنگاوێکی باشە، بەڵام بۆ ئەوەی سەقامگیری بێتە ئاراوە، پێویستە هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ بنێردرێت تاوەکو مووچەی فەرمانبەرەکانی مانگانە بدات".

 

 
پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 لە حوزەیرانی 2023 پەسندکرا، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و دابەشکردنی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش کۆتایی نەهاتووە. 
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی جێنین پلاسخارت لەبارەی پڕۆسەی سیاسی بوو لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "بە نیگەرانییەوە دەڵێم کە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی [هەرێمی کورستان] دواخراوە؛ بڕیاربوو 25ـی شوبات بکرێت، بەڵام دیسان دواخرا. ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق".
 
 
لەبارەی هەمان بابەت رۆبەرت هوود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هانی یونامی دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات لە بەهاری ئەم ساڵدا بێ دواکەوتنی زیاتر".
 
پاسکال بێریستویل، نوێنەری سویسرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "هیوادارین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی خێرا بکرێت. سویسرا هیوادارە هەولێر و بەغدا دانوستاندنەکانیان چڕبکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان".
 
ناتالی ئێستیڤال، باڵیۆزی فەرەنساش لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە زووترین کات بکرێت". 
 
 
بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 01-10-2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەتواندرا لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە 09-10-2022 لە دانیشتنێکی پەرلەماندا بە دەنگی 80 پەرلەمانتار، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی 2023 درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. 
 
رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە و بەوەش نەتوانرا یاساکە هەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەکخران، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، ئەویش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
بەڵام لەو وادەیەشدا هەڵبژاردنەکە ناکرێت و ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر دانیشتنی رۆژی 11ی ئەم مانگەی دادگەی فیدراڵیی عێراقن، کە بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک لەبارەی یاسای هەڵبژاردن رێکخراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە