رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە بەردەوامن، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ نۆژەنکردنەوەکە تەرخانکردووە.
رۆژی یەکشەممە 6-3-2022، ساڵح محەممەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە لە 6-1-2022ـەوە ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە و لەم مانگەدا کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان گوتی قەڵاکە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017ـەوە زیانی زۆری پێگەیشتبوو، بەڵام ئەم نۆژەنکردنەوەیە مەترسییەکانی لەسەر لادەبات.
ساڵح محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 93 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەکە تەرخانکردووە و کۆمپانیایەک لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و قەڵاکە نۆژەن دەکەنەوە.
قەڵای شێروانە دەکەوێتە بەشی باشووری شاری کەلار و لە سەدەی 19ی زاینی، لەلایەن محەممەد پاشای کەیخەسرەو بەگی جافەوە دروستکراوە، تائێستا حەوت جار نۆژەنکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ