رووداو دیجیتاڵ
دۆخی بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەبەری جەژنی رەمەزان دا ساردوسڕیی پێوە دیارە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، رێژەی هەڵاوسانی سەرووی 42%، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن، ئاستی دەستڕۆیشتوویی خەڵکی بە تەواوی کەمکردووە.
یەکێک لەو پێداویستییانەی لانیکەم بۆ رۆژانی جەژن هەموو کەسێک پێویستی پێیەتی، گۆشتە. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئەو پێداویستییە نرخەکەی دوو هێندە زیادیکردووە. حکومەتی ئێران هۆکاری گرانبوونی گۆشت دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمهێنانی 10%ی بەرهەمهێنانی گۆشت لەلایەن ئاژەڵدارانەوە. ئەوەش وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵک نەتوانن دەرەقەتی کڕینی ئەو پێداویستییە بێن.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی خۆراک لە یەک ساڵی رابردوودا بەردەوام لەنێوان 60% بۆ 70% بووە. نرخی زۆربەی خۆراکەکان لەم یەک ساڵەدا لە 45%ـەوە بۆ سەرووی 110% زیادیان کردووە.
میدیا ئابوورییەکانی ئێران نرخی سەبەتەی خۆراک بە سەرووی 20 ملیۆن تمەن بۆ هەر خێزانێکی چوار کەسی مەزەندە دەکەن، لە کاتێکدا مووچەی کرێکاران، فەرمانبەران و خانەنشینان نیوەی ئەو سەبەتەی پێ دابین ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ