مەسرور بارزانی: داواکارین حکومەتی فیدراڵی بەشێوەی شایستە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی رژێمی پێشوو بکاتەوە

06-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی فیدراڵی ئەوەیە بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی رژێمی پێشوو بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-5-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق کرا."
 
سەرۆکی حکومەت بەپێی راگەیێندراوەکە "دووپاتیکردەوە کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و رووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە، داوامان لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە؛ رێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی رژێمی پێشوو بکاتەوە."
 
رژێمی بەعس لە ساڵی 1968 بۆ 2023 جگە لە وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی بەبەعسی و بەعەرەبکردن و راگواستنی کورد، هەروەها دەیان هەزار هاونیشتمانیی کوردی لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 شەهید کرد.
 
سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا جەختیشی کردەوە لەوەی "هەرچی پێمان بکرێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەیکەین و کەمتەرخەمی ناکەین."
 
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی ئەنجوومەنی نوێنەران، کورتەیەکیان دەربارەی کار و پرۆژە و ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەپێناو هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک بۆ خزمەتکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."