بەغدا و هەولێر لەسەر رادەستکردنى داهات گەیشتنە رێککەوتن

06-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەغدا و هەولێر لەبارەى رادەستکردنى داهات رێککەوتن. لە قۆناخى یەکەمدا 50%ـی داهاتى گومرگ و باج بە نەختینەیى دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ؛ بڕیارە داهاتى دوو مانگ بەو شێوەیە "بەم نزیکانە" رادەست بکرێت.
 
ئەو رێککەوتنە لە سەردانى شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا لە 28ـی نیسان کراوە. ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران سەرۆکایەتى شاندەکەى کرد.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییەی رووداو لە دوو سەرچاوەى جیاوازى هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانەوە دەستى کەوتووە، شاندەکە لە بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لە بارەى پرسی رادەستکردنى داهاتى نانەوتیى گومرگ و باج کە دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندى، بە ژمارەى (70018) کە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە.
 
رێککەوتنەکە لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای عێراق کراوە، محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانى عێراق سەرۆکایەتیی کردووە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، بڕیارە "بەم نزیکانە" هەرێمى کوردستان 50%ـی داهاتى گومرگ و باجى هەردوو مانگى شوبات و ئاداری بە نەختینەیی بخاتە سەر هەژمارە بانکییەکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بە رووداوى گوت "هەندێک بابەتى تەکنیکى دیکە ماون کە رێککەوتنى کۆتاییان لە بارەوە دەکرێت."
 
پێشتر وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لیستێکى بە زیاتر لە 900 ملیار دینار رەوانەى بەغدا کردبوو وەک داهاتى دوو مانگى کانوونى دووەم و شوبات، کە دواتر زانیارییە کە بە "هەڵە" هەندێک پارەى دیکەى جگە لە داهات تێکەڵکرابوو، زیاتر هەژمار کراوە لە داهاتە راستەقینەکە. 
 
شاندەکەى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا ئەو کێشەیەى چارەسەر کردووە و ژمارەکەى راستکردووەتەوە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، داهاتى ئەو دوو مانگەى هەرێمى کوردستان کە بڕیارە رادەستى بەغدا بکرێت، نزیکەی 700 ملیار دینارە.
 
ئەو لێکتێگەیشتنانە لەنێوان هەولێر و بەغدا کراون لەسەر بنەماى بڕیارێکى داگەى فیدراڵیی عێراقن، کە تایبەتە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
 
یەکێکى دیکە لە لێکتێگەیشتنەکان لەنێوان شاندەکەى هەردوولا تایبەتە بە پرسی بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان.
 
شاندەکەى هەرێمى کوردستان لە بەغدا گەیشتووەتە ئەوەى ئەو پرۆسەیە لە رێگەى بانکى بازرگانیی عێراق (تى بی ئاى )ـیەوە بکرێت.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان بەشێک لە داهاتى نانەوتى رادەست بکات و راپۆرتى خەرجى و داهاتى لەلایەن لیژنەى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستانەوە وردبینیى تێدابکرێت. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندەکەى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا وردەکارى داهاتى نانەوتى بۆ مانگى ئادار رادەست بەو لیژنەیە کردووە کە وەزیرى پلاندانى عێراق سەرۆکایەتیی کردووە، لەگەڵ وردەکاریی تەرازووى پێداچوونەوە (داهات و خەرجى ) بۆ هەمان مانگ.
 
رادەستکردنى داهاتى نانەوتى لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە دەرگە بەڕووى خەرجکردنى پشکەکەى لە بودجەى وەبەرهێنان دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا بەغدا نەیداوە و و زیاتر لە 300 ملیار دینار دەبێت.   

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن