مەسرور بارزانی لە هەولێر 'گەورەترین پڕۆژەی ئاو لەسەر ئاستی عێراق' بەسەردەکاتەوە

06-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر" بەسەرکردەوە، کە بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، تائێستا زیاتر لە 75%ی تەواو بووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئایاری 2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر" بەسەرکردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەردی بناخەکەی دانا.
 
سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە، کورتەیەکیان دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان خستەڕوو، کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیێنێتە ناو شاری هەولێر و "تائێستا زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لەسەر ئاستی عێراق و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەکات."
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "کوالێتیی ئاوی پڕۆژەکەش زۆر پاک و خاوێنە و لە ئاستێکی بەرزدایە، بڕیارە ئەم ساڵ بەر لە کاتی دیاریکراوی خۆی، پڕۆژەکە تەواو بکرێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، سەرپەرشتیار، ئەندازیاران و تەواوی کارمەندان کرد، سوپاسی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی رێنوێنییەکان، کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن بۆئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە