رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد و رایگەیاند، چاوی لەوەیە کاری زیاتر لەگەڵ هاکان فیدان بکات و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر قووڵ ببێتەوە و هاوئاهەنگیی زیاتر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 06-06-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی، هیوای خواستووە بەیەکەوە کار بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بکەن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، پیرۆزبایی لە هاکان فیدان کردووە و رایگەیاندووە، چاوی لەوەیە کاری زیاتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بکات و دەیەوێت "هاوئاهەنگییەکانمان" لەگەڵ ئەو وڵاتە قووڵتر ببێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 3-6-2023، لە پەرلەمانی وڵاتەکە سوێندی یاسایی خوارد، پاشان کاژێر 22:00ـی هەمان رۆژ کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە لە 28ـی ئایار بەڕێوەچوو، بووە سەرۆککۆماری تورکیا و بەسەر رکابەرەکەی کە کەمال کچڵدارئۆغڵو بوو، سەرکەوت.
کابینەی وەزارییەکەی حکومەتی تورکیا لە 17 وەزیر پێکدێن؛ لە کابینەکەی ئەردۆغاندا چوار کوردن هەن، ئەوانیش یاریدەدەری سەرۆککۆمار و سێ وەزیرن.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار، خەڵکی پارێزگای چەولیگ ـی باکووری کوردستانە. یڵماز پێشتر وەزیری گەشەپێدان بووە.
محەممەد شیمشەک، کە پۆستی وەزیری گەنجینە و دارایی وەرگرتووە، خەڵکی پارێزگای ئێلیهـ ـی باکووری کوردستانە.
فەخرەدین کۆجا کە لە کابینەی پێشوودا وەزیری تەندروستی بوو، لە پۆستەکەی خۆیدا مایەوە، هاکان فیدان کە ماوەی 13 ساڵە راوێژکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) بوو، وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ