رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پلانی وەزارەتەکەیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، زۆرترین دەرفەتی خوێندنی گشتی لە زانکۆکاندا دەڕەخسێنن. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "ژمارەی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆکان پەیوەستە بە ژمارەی دەرچوون لە پۆلی 12."
سێشەممە 06-06-2023 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە سەرپەرشتیی ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا، بریکارى وەزارەت، راوێژکاران، بەڕێوەبەرانى گشتیى خوێندن، پلاندانان و بەدواداچوون، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى وەرگرتن بە بەشداریى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت لەبارەی وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان، گواستنەوە و دابەزین بۆ ساڵى خوێندنى (2023 - 2024) گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەها چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕوو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی گوت، "ئامانجی کۆبوونەوەکە دانانى رێکار و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار. بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، لە ماوەى ساڵانى رابردوو، توانیمان زۆرترین رێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین و دادپەروەرى و شەفافیەت لەنێوان کوڕان و کچان هەبێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. ئارام محەممەد قادر لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، "وەزارەتى خوێندنى باڵا بە رەچاوکردنى کوالێتیى خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات. بە هەمان رووحیەتى ساڵانى پێشوو و بە رەچاوکردنى کوالێتىی خوێندن، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت هاوکار و پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت."
لەبارەی ژمارەی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆکان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەی خستەڕوو، "ژمارەکە پەیوەستە بە ژمارەی دەرچوون لە پۆلی 12."
ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 36980 دەرچووی 12ی ئامادەیی هەبووە کە لەو ژمارەیە 25976 قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و هەموویان وەرگیراون.
هەر ئەوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی وەرگرتن، 21966 کورسی بە بەتاڵی ماوەتەوە و لەو کورسییانەش زیاتر لە 14 هەزار کورسی بە خۆڕایین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ