مەسرور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی: لە زووترین کات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت

06-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی کۆبوونەوە و هەردوولا "هاوڕابوون نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە تێکەڵ بە هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ناکۆکییەکان بدەن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و زیاد جەنابی، ئەندام پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئامادە بوون.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی "مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت."
 
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە: 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە7/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.
 
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.
 
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە