وردەکاریی هێرشکردنە سەر خاوەن موەلیدەیەک لە کەرکووک: ویستی بمکوژێت

06-07-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
ساتی هێرشکردنە سەر خاوەن موەلیدەکە
ساتی هێرشکردنە سەر خاوەن موەلیدەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی حوزەیرانی شاری کەرکووک، سەربازێک بەهۆی کێشەیەک لەسەر پارەی موەلیدە، هێرش دەکاتە سەر خاوەن موەلیدەکە و بە گوتەی خۆی "هەوڵی کوشتنی داوە." دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردەوە، پۆلیس هێرشبەرەکەی دەستگیرکرد.
 
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە، سەردانی گەڕەکی حوزەیرانی کرد. لە شوێنی رووداوەکە، پاشماوەی شووشە و کەرەستەی شکاو، شاهێدیی توندوتیژیی رووداوەکەن.
 
خاڵس عەلی، هاوکاری ناسر (خاوەن موەلیدەکە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 02:00ی شەو هاتووەتە سەری، نازانین بۆ پارە بووە یان شتێکی دیکە. ماوەی نزیکەی مانگێکە هاتووەتە ئێرە و دەڵێ من کارمەندم."
 
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی شەممە روویداوە. ناسر دەڵێت، سەرەتا لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان لێوەرنەگرتووە، تاوەکو رووداو و دەزگاکانی دیکەی راگەیاندن گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردەوە. دوای تۆمارکردنی سکاڵاکەی، ناسر گەڕایەوە شوێنی کارەکەی و هاوکار و دراوسێکانی لە پێشوازییدا بوون.
 
کێشەکە لەسەر پارەی موەلیدە بووە؛ ئەو کەسە داوای کردووە پارەی یەک مانگی بۆ بگەڕێتەوە کە 17 هەزار دینار بووە.
 
ناسر تەعمە، خاوەن موەلیدەکە گوتی، "گوایە من پێشەکیم لێی سەندووە. پێمگوت، 'خۆشەویستم تۆ چەند پارەت داوە؟' گوتی، '17 هەزار.' گوتم، 'ئەو 17 هەزارە هی مانگی شەشە؟ مانگی 7 ئەمپێر بە نرخێکی دیکەیە.' قسەکردنێکی زۆر ئاسایی بوو لەنێوانماندا، هەر کە قسەی تەواو بوو، وامزانی ماڵئاوایی دەکات، کەچی پەلاماری دام و دەیویست بمخنکێنێت."
 
دواجار هێرشبەرەکە دەستگیرکرا. دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن، ئەو کەسە خەڵکی کەرکووک نییە و داوا دەکەن لە گەڕەکەکەیان دەربکرێت.
 
دراوسێیەکی خاوەن موەلیدەکە بە رووداوی گوت، "ئەو پیاوە [ناسر] هاوکاریی هەژاران دەکات و زیانی بۆ هیچ کەسێک نییە، بەڵام نموونەی ئەم 'شەلاتی'یە کە هاتووەتە ئێرە، هی حوزەیران نییە. کاژێر 02:00 و 03:00ـی شەو چووەتە ژوورەوە و بۆ کوشتن لێیداوە."
 
پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان رایانگەیاند، هێرشبەرەکە کە سەربازە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەستگیرکراوە. هەروەها هەردوو لایەنی کێشەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.