رووداو دیجیتاڵ
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر، ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
شێروان دووبەردانی گوتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆکردنە لەبارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان.
هەر لەو بارەوە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوكدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، بە یاوەریی زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی گەیشتە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و رێبەر ئەحمەد خالید، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی گفتوگۆکردنە لەگەڵ سەرکردایەتیی هەولێر سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکان، کاراکردنەوەی کاری نێوان ناوەند و هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، هەروەها تاوتوێکردنی دۆسیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ