رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هاوپەیمانێتییەکیان تۆمارکردووە و بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت، بەهۆی کێشەکانیانەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی نەیانتوانی بەشداریی هاوپەیمانییەکەدا بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 6-8-2023 د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە و یەکگرتووی ئیسلامی هاوپەیمانێتییەکمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەناوی مەشخەڵی کەرکووک پێکهێناوە، بڕیار بوو بزووتنەوەی ئیسلامیش لەنێو هاوپەیمانێتییەکە بووایە، بەڵام بەهۆی کێشەکانییانەوە لە کۆمیسیۆن نەیانتوانی لەگەڵمان بەشدارببن."
سەبارەت بە بەربژێرەکانیان، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: "لە داهاتوودا لیستی بەربژێرەکان و بەمنزیکانەش هاوپەیمانێتییەکە رادەگەیێنین."
بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە حیزب و لایەنە کوردستانییەکان هیچ لیستێکی یەکگرتوویان بۆ ئەو هەڵبژاردنە نییە، بەڵام هەر چەند حیزبێک و پێکەوە هاوپەیمانێتییەکیان دروستکردووە.
رۆژی شەممە، 5ـی ئابی 2023، رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ حیزبی شیوعیی کوردستان هاوپەیمانێتییەکمان مۆرکردووە و لە داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەنگی کورد یەکبخەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ