رووداو دیجیتاڵ
میلاد کەرەمی، گەنجێکی خەڵکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە تۆمارە ڤیدیۆ سەرنجڕاکێش و مەترسیدارەکانی لە کاتی شاخەوانیدا، بووەتە ترێند لە سۆشیال میدیا. ئەو لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە نەوەک هەر سرووشتیی ئیلام، بەڵکو کولتووری کوردیش بە جیهان دەناسێنێت، بەڵام هۆشداریی تووند دەداتە ئەوانەی دەیانەوێت لاسایی بکەنەوە و دەڵێت: "تووشی کێشەمان مەکەن."
میلاد کەرەمی، شاخەوانی 32 ساڵانی خەڵکی ناوچەی مەڵکشایی، لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە کارە مەترسیدارەکانی و ئەو نێوبانگە جیهانییە دەکات کە بەدەستیهێناوە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کارە بۆ هەموو کەسێک نییە. ئەو دەڵێت: "هەندێک کەس لاسایی دەکەنەوە و دەچنە بەرزایی و ڤیدیۆ تۆمار دەکەن. تکایە ئەوە مەکەن. من لە منداڵییەوە ئەوە کارمە و دەزانم پێ لەسەر چ بەردێک دابنێم کە نەکەوێتەوە خوارەوە. خۆڕسک زانستێک لەو بارەوە فێربووم."
چیرۆکی میلاد لە منداڵییەوە دەستپێدەکات کاتێک ئاشنای چیاکانی ئیلام بووە، چونکە باوکی لە فەرمانگەی کاروباری هۆزەکان کاری کردووە و هەمیشە لەگەڵ خۆی بردوویەتییە شاخەکان. ئەو سەرەتا وەک رێبەرێکی گەشتیاری، وێنەی سرووشتیی ئیلامی بڵاودەکردەوە، بەڵام پێشوازیی گەرمی خەڵک لە یەکەم ڤیدیۆی "گاشەڤانی" (Rock Climbing)، رێڕەوی ژیانی گۆڕی.
میلاد باس لەوە دەکات: "یەکەم ڤیدیۆم لە ناوچەی کەمەرە لە مەڵکشایی بڵاوکردەوە، بینیم سێ-چوار ملیۆن کەس تەماشای کردووە. زۆرم پێ سەیر بوو. دووەم ڤیدیۆی گاشەڤانیم 8 ملیۆن بینەری هەبوو، گوتم تەواو، هەر ئەم کارە دەکەم."
ئامانجی سەرەکیی میلاد لەم کارە مەترسیدارە، ناساندنی جوانییەکانی ئیلام و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیارییە، کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە. ئەو گاشەڤانە گوتیشی: "دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانم، گەشتیاری زیاتر دێنە ئیلام. جارێک ژنێک کە لەسەر شەقام شتی دەفرۆشت پێی گوتم، 'ئەمساڵ گەشتیار شتی زۆریان لێ کڕیوم.' هەستم کرد هەموو جیهانیان پێ بەخشیوم."
هاوکات، میلاد کەرەمی لە ڤیدیۆکانیدا بە زمانی کوردی قسە دەکات و جلوبەرگی کوردی لەبەردەکات، بەمەش شوناسی نەتەوەیی خەڵکی ئیلام بە بینەرانی لە سەرتاسەری جیهان دەناسێنێت. ئەو دەڵێت: "لە هەموو جیهان بینەری زۆرم هەیە. هەندێکجار کەسانی بیانی ڤیدیۆم بۆ دەنێرن و ئەو قسەیەی من کە دەڵێم 'وەزعتان چۆنە؟' بە کوردی دووبارە دەکەنەوە."
لە کۆتاییدا، میلاد جارێکی دیکە داوا لە گەنجان دەکات کە ئەگەر لاسایی ئەم کارەیان کردەوە، هەموو رێوشوێنێکی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ ئەوەی دووچاری رووداوی دڵتەزێن نەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ