رۆژانە 54 تۆن زبڵ لە نزیک رووباری باڵەکایەتی فڕێدەدرێت

07-08-2025
ئەندام جەبار
ئەو ناوچەیەی زبڵی و خاشاکەکەی لێ فڕێدەدرێت، لەژێر هەڕەشەیەی ژینگەییدایە
ئەو ناوچەیەی زبڵی و خاشاکەکەی لێ فڕێدەدرێت، لەژێر هەڕەشەیەی ژینگەییدایە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەی قەزای چۆمان و بە دووری کەمتر لە 100 مەتر لە رووباری باڵەکایەتی، زبڵخانەیەکی گەورە بووەتە هەڕەشەیەکی ژینگەیی و تەندروستی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە. رۆژانە 54 تۆن زبڵ و خاشاک لەو شوێنە فڕێدەدرێت و ئاوی خواردنەوەی دەیان گوندی خستووەتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا سەرۆکی شارەوانیی چۆمان دەڵێت، کۆمپانیایەکی نوێ راسپێردراوە بۆ گواستنەوەی زبڵەکە.
 
لە هەر کاژێرێکدا سێ بۆ چوار ئۆتۆمبێلی پڕ لە زبڵ و خاشاک لە دەروازەی قەزای چۆمان، بارەکانیان خاڵی دەکەنەوە. ئەو شوێنە کە زبڵ و خاشاکی سێ ناحیە و سەنتەری قەزای تێدا فڕێدەدرێت، بووەتە "کارەساتێکی ژینگەیی"، چونکە کەمتر لە 100 مەتر لە رووباری باڵەکایەتییەوە دوورە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دەیان گوند و ناحیەی قەسرێیە.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، ژینگەدۆستێکی ناوچەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شوێنەی زبڵی قەزایەکی گەورەی وەکو چۆمانی لێ فڕێدەدرێت، کەمتر لە 100 مەتر لە رووباری باڵەکایەتی دوورە. ئەمە کارەساتێکی ژینگەییە و کاریگەریی خراپی لەسەر خاک و ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی دەمێنێتەوە. رەنگە رۆژانە دەیان نەخۆشی و ڤایرۆس لەو ناوچەیە بگوازرێنەوە."
 
ئەو ژینگەدۆستە داوا دەکات لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە.
 
دیمەنی شوێنەکە جەرگبڕە؛ زبڵ و خاشاک هەموو شتێکی داپۆشیوە، دار و دەوەن لەجیاتی گەڵا، کاغەز و نایلۆنیان پێوەیە و بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی تەنیوە. قەبارەی زبڵ و خاشاکەکە بە هەزاران تۆن مەزەندە دەکرێت و بەشێوەیەک کەڵەکە بووە کە گواستنەوە و لەنێوبردنی ئاسان نییە.
 
لە بەرامبەردا، عەبدوڵڵا حوسێن، سەرۆکی شارەوانیی چۆمان، دان بە کێشەکەدا دەنێت و بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کۆمپانیایەی پێشتر زبڵ و خاشاکی کۆدەکردەوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کۆتایی هاتووە. کۆمپانیایەکی نوێ بەناوی (ئەرتوش) دەستبەکار دەبێت و یەکەم مەرجمان بۆیان ئەوە بووە کە دەبێت ئەو زبڵە بگوازنەوە و ئەوانیش رازی بوون."
 
سەرۆکی شارەوانیی چۆمان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا چاوەڕێین شوێنێکی نوێ دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی زبڵەکەی بۆ بگوازینەوە."
 
ئەمە چوارەم شوێنە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەک زبڵخانە لە سنورەکە دیاری دەکرێت و رۆژانە زبڵ و خاشاکی سێ شارەوانی، کە دەکاتە نزیکەی 54 تۆن، لێی فڕێدەدرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە