تەندروستیی غەززە بۆ رووداو: هاوکارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەنە غەززە

06-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کەس لە غەززە کوژراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 18 هەزار و 500یان منداڵ و 9 هەزار و 735یشیان ئافرەتن.

د. مونیر ئەلبەرش سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "گەلی کوردستان نەهامەتییان زۆر بینیوە و لە واتای نەهامەتی تێدەگەن و دەزانن خەڵکی غەززە لە چ نەهامەتییەکدان، گەلی کوردستان لەگەڵ گەلی غەززە وەستاونەتەوە و هاوکاری زۆریان پێشکێش کردووین."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل رێگری لە چوونی شیری منداڵان بۆ نێو کەرتی غەززە دەکات؛ "دایکان لەبەر نەبوونی شیر، ئاو دەکەنە نێو مەمەی منداڵانەوە و دەیاندەنێ."
 
وەک د. مونیر باسی دەکات، ئێستا تەنیا 900 قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لەبەردەستن، لەبەرامبەردا تەنیا لە شوێنی وەرگرتنی هاوکارییە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکاندا سەروو 10 هەزار کەس برینداربوون و توانای وەرگرتنی بریندارەکانیان لە نەخۆشخانەکاندا نییە.
 
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە:
 
رووداو: برسێتی لە کەرتی غەززە لە چ ئاستێکدایە؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: سەرەتا سوپاسی گەلی کوردستان دەکەین، سوپاسێکی زۆرمان بۆ گەلی کوردستان کە ئەوان نەهامەتییان زۆر بینیوە و لە واتای نەهامەتی تێدەگەن، لەوە تێدەگەن خەڵکی غەززە لە چ نەهامەتییەکدان، گەلی کوردستان لەگەڵ گەلی غەززە وەستاونەتەوە و هاوکاری زۆریان پێشکێش کردووین. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کەس شەهید کراون، لە نێویشیاندا زیاتر لە 18 هەزار و 500یان منداڵن، ئێمە باس لە داگیرکەرێک دەکەین منداڵ دەکوژێت، هەروەها زیاتر لە 9 هەزار و 735 ئافرەتی کوشتووە، زیاتر لە چوار هەزار کەسی بەتەمەنی کوشتووە. لە 24 کاژێری رابردوودا بەهۆی بەدخۆراکییەوە 8 کەس گیانیان لەدەستداوە، کۆی گشتی ئەوانەی بە بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە 188 کەسن، کە 94یان منداڵن. ئیسرائیل دەیەوێت خەڵکی فەلەستین بسڕێتەوە، لەماوەی کەمتر لە ساڵێک، زیاتر لە 40 هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، 100 هەزار ئافرەتی دووگیان و شیردەر بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، ئەم ژمارانەش نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوڕا و هاودەنگن لەگەڵمان. نزیکەی هەزار و 556 حاڵەتی لەدایکبوونی پێشوەختە هەبووە، زیاتر لە 3000 هەزار کۆرپە لە سکی دایکیان گیانیان لەدەستداوە. مردنی بەکۆمەڵ دەستی پێکردووە، بەگوێرەی پۆلێنی جیهانی (ئای پی سی)، برسێتی گەیشتووەتە قۆناخی پێنجەم لە غەززەدا، 159 هەزار کەسی بەتەمەن بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.
 
رووداو: رۆژانە خەڵک چی دەخوات؟ چی دەدەن بە منداڵەکانیان؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: ئێمە باس لە کەمی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی دەکەین، منداڵ کە لەدایک دەبێت، پێویستی بە شیری چارەسەر هەیە نیمانە، بۆ حاڵەتەکانی بەدخۆراکی پێویستمان بە (هیومان ئەلبومین) هەیە و ئەوەشمان نییە، ئێمە باس لە مردنی هێواش دەکەین، ئەگەر کێشەی تەندروستی لە غەززە چارەسەر نەکرێت، دەکەوینە قۆناخی کۆتاییەوە کە برسێتی تەواوە، ئەو خەڵکانەش کە دەچنە نێو بۆسەی مردنەوە، داگیرکەر بەئامانجیان دەگرێت، تاوەکو ئێستا لەو بۆسانەدا هەزار 516 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش برینداربوون.
 
رووداو: نرخی قوتوویەک شیر بەچەندە؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: داگیرکەری ئیسرائیلی رێگری لە هاتنی شیر دەکات و لە هەموو غەززەدا قوتوویەک شیر دەستناکەوێت، 825 دەرمانخانە و 170 کۆگەی دەرمان هەبوون هەمووی بۆردوومان کرد، ئەوەی هەیە ئەوەیە کە لە رێگەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دێن، ئێمە دەڵێین هیچ قوتوویەکی شیر نییە لە غەززە، ئەگەر هەشبێت ئەوەندە گرانە کەس ناتوانێت بیکڕێت.
 
رووداو: چی بە منداڵە ساواکان دەدرێت لە نەبوونی شیر؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: زۆربەی دایکان ناچارن ئاو بکەنە نێو مەمەی منداڵەکانیانەوە و لەجێی شیر بیاندەنێ، زۆربەی منداڵان دەناڵێنن بەدەست بەدخۆراکییەوە، بەدخۆراکی قورس رووی لە غەززە کردووە، لەوانەش کاتێک دەگەنە بەدخۆراکی تووند دەتوانین لە نەخۆشخانەکان وەریان بگرین.
 
رووداو: ئێستا چەند نەخۆشخانە لە غەززە لە کاردان؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: لە غەززە پێش داگیرکەری ئیسرائیلی 38 نەخۆشخانە هەبوون ئێستا تەنیا 16 نەخۆشخانە بەشێوەی لاوەکی کار دەکەن، پێشتر نەخۆشخانەکان 3000 قەرەوێڵەیان هەبوو، ئێستا تەنیا 900 قەرەوێڵەمان هەیە، ئێمە زیاتر لە 10 هەزار بریندارمان تەنیا بەهۆی تەڵەی هاوکارییەکانەوە هەیە، ناتوانین وەریان بگرین و لەسەر زەوییەکە پاڵدەخرێن، ئیسرائیل زۆربەی نەخۆشخانەکانی وێران کرد، ئێمە وێرانییەکی زۆرمان لە کەرتی تەندروستیدا هەیە، سوپاسی گەلی کوردستان دەکەین هەمیشە هاوکارمان بوون لەو رووەوە.
 
رووداو: ئایا هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەنە غەززە؟
 
د. مونیر ئەلبەرش: بەڵێ، من لە سەرەتادا زۆر سوپاسم کردن، ئەوانەی پێشتر نەهامەتییان بینیوە باشتر هەست بە نەهامەتی خەڵکی دیکە دەکەن، ئێوە نەهامەتی زۆرتان هەبووە پێشتر، بۆیە هەست بە ئێمەش دەکەن، پەیوەندی برایانە لە نێوا فەلەستین و گەلمان لە کوردستان هەیە، ئێمە شانازیتان پێوەدەکەین، باس لە سەرکردە سەلاحەدین دەکەین، ئێمە کە باس لە مزگەوتی ئەقسا دەکەین تەنیا سەلاحەدینمان بیردێتەوە کە کورد بووە. کاتێک هەندێک برایانی کورد کە پزیشک بوون سەردانیان کردین، شانازی دەکەم کە دروستکەری ئەم شوێنە لە جەبالیا کوردە، وەقفی ئیسلامییان زۆر هەیە لێرە برا کوردەکانمان، کە کاری خێرخوازی و پاراستنی مزگەوتەکان دەکەن، ئەوەی دەیبەخشن دەگاتە غەززە و دەیبینین لێرە دابەش دەکرێت. بۆیە زۆر سوپاسی برا کوردەکانمان دەکەین بۆ ئەو هاوکارییانەی پێمان دەبەخشن.
 
رووداو: جگە لە بەدخۆراکی و برسێتی چ نەخۆشییەکی دیکە هەڕەشەیە لەسەر منداڵان؟
 
ئەوەی ئێستا دەبینرێت، جۆرێکی دیکە بەڵایەکی دیکەیە لەگەڵ بەدخۆراکی، رووبەری غەززە 365 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، داگیرکەر خەڵکی لە 18٪ی ئەو رووبەرە کۆکردووەتەوە، ئێستا 2 ملیۆن و 400 هەزار کەسن لە 600 کیلۆمەتر چوارگۆشە تێناپەڕێنێت، واتا لە هەر کیلۆمەترێکدا 40 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، ئەوەش ترسناکە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، نەخۆشییەکی نوێ سەریهەڵداوە کە مرۆڤ تووشی ئیفلیجی دەکات، ئەوەش لەبەر خواردنەوەی ئاوی پیسە کە پڕن لە ڤایرۆس، ئەو منداڵانەی تووشی بەدخۆراکی بوون زۆرترین تووشبووی ئەو نەخۆشیەن، 95 حاڵەتمان تۆمارکردووە، 45 حاڵەتیان خوار 15 ساڵین، ئەم نەخۆشییە زۆر ترسناکە، ئەو نەخۆشییە دەبێتە هۆی ئیفلیج بوونی تەواو، یەکەمجار هەردوو قاچ ئیفلیج دەبێت تاوەکو سییەکانی ئیفلیج دەبن، دوێنێ سێ منداڵ بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستدا.
 
رووداو: ئاماری کوژراو و برینداران بە گشتی چەندە؟
 
60 هەزار شەهید هەن لە سەرەتای شەڕەوە، ئەم ژمارەیەش ترسناکە، 30٪یان منداڵن، ئەو ژمارەیەش ترسناکە، داگیرکەر منداڵ بەئامانج دەگرێت، 150 هەزار برینداریش هەن، لە رووی تەندروستییەوە پۆلێنمان کردووە کە رۆژانە 28 منداڵ دەکوژرێن، هەر 40 خولەکێک منداڵێک دەکوژرێت، رۆژانە 15 ئافرەت دەکوژرێت، تێکڕا و بەگشتی رۆژانە 60 کەس دەکوژرێن، داگیرکەری ئیسرائیلی ناتوانێت ئەو ژمارەیە بە ناڕاست بزانێت و نکۆڵی لێبکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.