هێمن میرانی: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تابلۆکانیان دادەپۆشن دەستیان بەسەردا دەگیرێت

06-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ''هەر ئۆتۆمبێلێک لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تابلۆکەی داپۆشرابێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزایەکی دارایی تووند دەدرێت.'' ئاماژە بەوەش دەکات، ''کاتی دەنگدان رێگە بە بردنەژوورەی مۆبایل یان کامێرا نادرێت.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 06-10-2025 لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد.
 
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لیژنەی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەپێناو پاراستنی مافی ئازادیی دەنگدان، وێنەگرتن، بەکارهێنانی مۆبایل و بردنەژوورەوەی کامێرا بۆ تۆمارکردنی دەنگ، قەدەخەیە.''
 
خاڵێکی دیکەی گرنگ، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە، ئەوە بووە کە لە رۆژی دەنگداندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێندرێت. هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد، ''هاتووچۆ ئاسایی دەبێت، فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوە و دەروازە سنوورییەکانیش هەر بە کراوەیی دەهێڵدرێنەوە.''
 
سەبارەت بە داپۆشینی جام و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ''سەرپێچییەکی گەورەی هاتووچۆیە و هەندێک جار دەچێتە خانەی تاوان، چونکە دەکرێت بە ژمارەیەکی داپۆشراوەوە، تاوان ئەنجام بدرێت.''
 
هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، ''هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆکەی داپوشرابێت، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزایەکی دارایی تووند دەدرێت.''
 
3ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە پابەندی رێنوێنییەکان نەبوون، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆی هەولێرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
هاوکات نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی لە قەدەخەی بردنەژوورەوەی مۆبایل کرد بۆ بنکەکانی دەنگدان و گوتی، ''نابێت کاتی دەنگدان هاووڵاتییان مۆبایل بهێنن، چونکە بە هیچ شێوەیەک ئەم جارە رێگە بە بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان نادرێت.''
 
نەبەرد عومەر داوا لە بەربژێران دەکات لەکاتی بانگەشەدا پابەندی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی بن. ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەکارهێنانی دامەزراوە حکومییەکان، شوێنە ئایینییەکان و ئۆتۆمبێلی حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، قەدەخەیە.''
 
وەک سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، هێڵی گەرمی 119یان داناوە ''بۆئەوەی ئەگەر بەربژێران، بەتایبەتی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تووشی هەڕەشە بوونەوە، پەیوەندی بە هێڵەکەوە بکەن و بە زووترین کات بەهانایانەوە بچن.''
 
رۆژی شەممە 4ی تشرینی یەکەم، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 46 کەسی بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 1800 کارتی راگەیاند. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''ئەم بابەتە زیاتر لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەبینرێت. لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکمان پێکهێناوە و بە تووندی کاری لەسەر دەکرێت.''
 
جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت کارتی بایۆمەتریی کەسێکی دیکە بۆ دەنگدان بەکاربهێنێت، ''چونکە کارتی هەر کەسێک، وێنە و پەنجەمۆری خۆی لەسەرە.''
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لیوا مافپەروەر تاریق ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە، پلانێکی ئەمنیمان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ پێشکێشی لیژنەی باڵای ئەمنیمان کرد کە لەلایەن جەنابی وەزیری ناوخۆ و ئەندامانی لیژنەکە پەسند کرا.''
 
بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.