دەستەی ئامار: بۆ سەرژمێریی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە نزیکەی 15 هەزار کارمەندە

06-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ کارمەندانی سەرژمێری کارا کرا. سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستمان بە 13 بۆ 15 هەزار کارمەندە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی دووەم گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی 2024 وەکو بژمێر (عداد). ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لە ئەمڕۆوە کارا کرا."
 
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەم فۆڕمانەمان بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاندووە، ئەوانەی کاریان نییە، بۆئەوەی گوشار لەسەر وەزارەتی پەروەردە کەم بکەینەوە، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی ژمارەی کارمەندان پڕبکەینەوە، دووبارە پەنا دەبەینە بەر مامۆستایانی کەرتی پەروەردە."
 
گوهدار محەممەد عەلی گوتیشی، "پێویستمان بە 13 بۆ 15 هەزار کارمەندە، بۆ سەرژمێریی هەرێمی کوردستان."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی رادەگەیێنن و لە رۆژانی 6 و 7 و 8ی ئەم مانگە کارا دەکرێت؛ ئەمەش بۆ پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، بەپێی سنووری نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی گەڕەک یان گوند.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا، رێنمایی و مەرجی پێشکێشکردن خراوەتەڕوو، بۆ هەموو دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگەکان، بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشکێش دەکەن.
 
لەبارەی ئامانجی ئەو فۆڕمە ئەلیکترۆنییە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە، بۆ کاری مەیدانیی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە لە رۆژانی 16، 17، 18 و 19ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات."
 
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە داواکار لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆی و تەنیا یەک جار فۆڕم پێشکێش بکات، مەرج نییە هەموو داواکاران ناویان بگەڕێتەوە وەکو بژمێر، چونکە ژمارەی بژمێران بەپێی پێداویستی و لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند دەستنیشان دەکرێن.
 
کارەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو، لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
زیاتر لە 94%ی کارەکانى قۆناخى پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمى کوردستان کراون، لە عێراقیش زیاتر 98%ى تەواو کراوە.
 
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ و سێ سیمکارت.

وەزارەتی ناوخۆ: لێپرسینەوە لە فرۆشتنی سیمکارتە بێ ناسنامەکان کراوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فرۆشتنی سیمکارتی بێ ناسنامەی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە کردووە. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، لێپێچینەوە لەو کەسانە کراوە ئەو سیمکارتانە دەفرۆشن و ئێستا بە ئاشکرا لە بازاڕەکاندا نەماوە.