رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی نەرویجی DNO راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە کە بە "چارەکی گۆڕانکاری" ناوی بردووە و رایگەیاند، داهات و قازانجەکانیان ژمارەی پێوانەییان تۆمار کردووە.
لە گرنگترین پێشهاتدا بۆ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە دوای دوو ساڵ و نیو لە راوەستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی لە رێگەی بۆریی کوردستان-تورکیاوە دەستیپێکردووەتەوە.
هاوکات، کۆمپانیاکە پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەست بە هەڵکەندنی بیری نوێ بکات و ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە.
پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان: گەڕانەوەی هیوا دوای ئاڵنگارییەکان
کۆمپانیای DNO کە 75٪ـی پشکەکانی کێڵگەی تاوکێی هەیە و بەڕێوەبەی دەبات، روونیکردەوە، چارەکی سێیەم پڕ بووە لە رووداوی دژبەیەک. لە لایەکەوە، بەرهەمی گشتیی کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور بە رێژەی 38٪ دابەزی و گەیشتە تێکڕای 46,600 بەرمیلی رۆژانە. هۆکاری ئەمەش ئەو زیانە بوو، کە بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنییەوە لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا بەر دامەزراوەکانی کەوتبوو.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیاکە توانیویەتی بە "چاککردنەوەی خێرا" بارودۆخەکە تێپەڕێنێت و رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستا بۆ نزیکەی 75,000 بەرمیلی رۆژانە بەرزکراوەتەوە.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، کۆی بەرهەمیی گشتیی کێڵگەی تاوکێ بگاتە 80,000 بەرمیل، کە ئەمەش بەرهەمی پاکی DNO لە کوردستان بۆ نزیکەی 60,000 بەرمیلی رۆژانە بەرزدەکاتەوە.
گرنگترین هەواڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردە بوو. راگەیێنراوەکە دەڵێت: "نەوتی کوردستان جارێکی دیکە لەڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە دەگاتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. پاش دوو ساڵ و نیو لە وەستان، هەناردەکردن لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا دەستیپێکردەوە."
بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ وەبەرهێنانی نوێ، DNO بەردەوام بووە لە فرۆشتنی پشکی نەوتی خۆی بە کڕیارە ناوخۆییەکان بە نرخی نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە شێوەی "cash-and-carry" (پارەی کاش و گواستنەوەی راستەوخۆ). دواتر ئەو کڕیارانە لە چوارچێوەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەوتەکەیان گەیاندووەتە بۆریی هەناردەکردن.
پلانی داهاتوو: هەڵکەندنی 8 بیری نوێ و ئامانجی 100 هەزار بەرمیل
کۆمپانیاکە پلانێکی گەورەی بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان راگەیاندووە:
- کارەکانی هەڵکەندن لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەستپێدەکەنەوە.
- تاوەرەکانی هەڵکەندنی DQE-51 و Sindy ئامادەکراون بۆ هەڵکەندنی 8 بیری نوێ لە ساڵی 2026ـدا.
- ئامانجی کۆتایی کۆمپانیاکە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی گشتیی هەردوو کێڵگەکەیە بۆ 100,000 بەرمیلی رۆژانە.
کۆی گشتیی بەرهەمی DNO لە چارەکی سێیەمدا گەیشتە 115,400 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە. لەم بڕە:
- 77,300 بەرمیل لە دەریای باکوور (بە پشکەکان Sval Energy یەوە).
- 34,900 بەرمیل لە هەرێمی کوردستان.
- 3,100 بەرمیل لە رۆژئاوای ئەفریقا.
ئەم چارەکە بۆ کۆمپانیاکە لە رووی داراییەوە بێ وێنە بووە. داهاتی کۆمپانیاکە گەیشتە 547 ملیۆن دۆلار و قازانجی کارپێکردنی گەیشتە 222 ملیۆن دۆلار، هەردووکیان زیاتر لە دوو هێندەی چارەکی پێشوون. قازانجی پوختەش گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار.
بیژەن موسەوەر رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ، لە لێدوانێکدا ستایشی تیمەکەی کرد و گوتی: "بە نیشاندانی ئەوەی چۆن دۆزینەوە نەوتی و گازییەکان دەتوانرێت لە ماوەیەکی پێوانەییدا بخرێنە بەرهەم، هیوادارین نەک هەر پڕۆسەی پارەدارکردنی دۆزینەوەکانی خۆمان خێراتر بکەین، بەڵکو سەردەمێکی نوێش لە کەناراوەکانی نەرویج دەستپێبکەین."
ئەمەش ئاماژەیە بۆ پڕۆژەی (کیۆتکاکێ - Kjøttkake) کە DNO بە هاوکاریی Aker BP پەرەی پێدەدات و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی تەنیا سێ ساڵدا بکەوێتە بەرهەم، کە بۆ ستانداردەکانی نەرویج نیوەی کاتی ئاساییە.
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاند، رێککەوتنی نوێی دارایی واژۆ کردووە کە کۆی گشتیی ئاسانکارییە داراییەکانی بۆ زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار بەرزدەکاتەوە. هاوکات، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بڕیاریدا 0.375 کرۆنی نەرویجی بۆ هەر پشکێک وەک قازانج بەسەر پشکداراندا دابەش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ