رۆمیۆ هەکاری: پیلان هەیە لە دەرەوەی دەنگی کریستیانەکان دەست بەسەر کورسییەکاندا بگیرێت

06-11-2025
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن
نیشانەکردن دیسکی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حیزبێکی کریستیانی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بە کەمکردنەوەی کورسی نوێنەرایەتیان  بە' نادادپەروەرانە' دادەنێ، کەمکردنەوەی کورسییەکانیشیان بە هۆکار دادەنێ نەتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی کریستیانەکان بکەن لەپەرلەماندا.
 
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 10ـی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردنمان کردووە، بەڵام بایکۆتی پرۆسەی سیاسیمان نەکردووە، وەکو حیزب هەمیشە لەنێو پرۆسەکەداین بۆ مافی گەلەکەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.''
 
هەکاری پێیوایە ستەم لە کریستیانەکان کراوە لە عێراق و دەڵێت:" دوای دەیان ساڵ پرۆسەی هەڵبژاردن، هەندێک لەکەدار کرا و کێشەی تێکەوت بۆ پێکهاتەکان، کورسی پێکهاتەکان لە 11 کورسییەوە کرایە پێنج کورسی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی کرا ستەم بوو لە پێکهاتەکان کرا، وایکرد نەتوانن بەپێی پێویست نوێنەرایەتی گەلی خۆیان بکەن لە پەرلەماندا.'' 
 
کریستیانەکان لە سەرانسەری عێراق 19 بەربژێریان هەیە وپێنج کورسی پەرلەمانیان بۆ دانراوە،دەنگدان بۆ بەربژێرانی کریستیانەکان بە یەک بازنەیە، واتە کریستیانەکان دەتوانن لە هەموو بازنەکان دەنگ بدەنە هەر بەربژێرێک خۆیان بە باشی دەزانن .
 
رۆمیۆ هەکاری لەبارەی ئەوەی پشتیوانی لە کام بەربژێری کریستیان دەکەن دەڵێت :" ئێمە ناتوانین بڵێین پشتیوانی کامیانین،بەڵام دەیانناسین و دەزانین کێ خەمخۆری خەڵکی خۆیەتی، بەربژێرێک ئەدا و کارکردنی بۆ دەرەوەی حیزب و خەڵکی خۆی بێ، گەلەکەی بە نوێنەری خۆی نازانێ، نوێنەری چاک هەیە و بەڵێنی باشیان داوە .'' 
 
رۆمیۆ هەکاری بوونی 19 بەربژێر بە ' نابەجێ' دادەنێت و دەڵێت:" نەدەبوو وابێ، کێشەکەش لە یاسای هەڵبژاردنە، هەوڵی زۆرمان دا، بۆ ئەوەی هەموار بکرێتەوە،چونکە ناکرێت لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ یەک بازنە بێ و هەموو بتوانن دەنگ بدەنە بەربژێران.''
 
کریستیانەکان بە لیست و حیزبی جیاواز لە هەولێر و دهۆک 8 بەربژێر و لە کەرکووک و نەینەواش 9 بەربژێریان هەن،لە بەغدا سەرەڕای زۆری دانیشتووان و کورسی زۆری ئەو پارێزگایە تەنیا دوو بەربژێری کریستیان هەن، هەروەها سەرەڕای بوونی 34 کورسی لە نەینەوا و ژمارەیەکی زۆر کریستیان تەنیا دوو بەربژێری کریستیان هەن .
 
رۆمیۆ هەکاری دەڵێت: "ئەو شەڕەی لەسەر پێنج کورسی کریستیان دەکرێت، گەورەترە لە شەڕی کورسییەکانی دیکەی پەرلەمان.'' 
 
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن دەڵێت:"زۆرینە دەبێ پشتیوانی کەمینە بخوازێت و داوای جێبەجێ بکات،بەڵام ئێستا وانییە.''
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق، بەربژێرانی سەرکەوتووی کۆتای کریستیان 118 هەزار و سێ دەنگیان لەسەرانسەری عێراق بەدەستهێناوە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".