دهۆک زۆرترین و نەجەف کەمترین کارتی بایۆمەتریی وەرگرتووەتەوە

16-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن دیسکی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
 
رووداو دیجتاڵ

دهۆک یەکەم و نەجەف دوایین پارێزگایە لە وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتریی نوێی دەنگدان بۆ ئەو کەسانەی یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن. لە کۆی 3.5 ملیۆن کارتی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی عێراق 44.8%یان وەرگیراوەتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەم، لە کۆی سێ ملیۆن و 583 هەزار و 703 کارتی بایۆمەتری کە بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگی پێبدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 44.8%ی لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە.
 
پارێزگای دهۆک لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رووی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری نوێ. لە 91 هەزار و 782 کارتی نوێ لەو پارێزگایە 66.7%یان وەرگیراوەتەوە.
 
پارێزگای نەجەف لەسەر ئاستی عێراق کەمترین ئاستی لە وەرگرتنەوەی ئەو کارتانە هەبووە، کە لە کۆی 126 هەزار و 869 کارتی بایۆمەتری نوێی دەنگدان، تەنیا 28.5%یان وەرگیراونەتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکە، لە پارێزگای سلێمانی 134 هەزار و 825 کارتی بایۆمەتری نوێ تۆمار کراون کە 51.5%یان وەرگیراونەتەوە. لە پارێزگای هەولێر 162 هەزار و 230 کارتی نوێی دەنگدان تۆمار کراون کە 54.5%یان وەرگیراونەتەوە. رێژەی وەرگرتنەوەی ئەو کارتانە لە کەرکووک 55.3% بووە لە کۆی 150 هەزار و 341 کارتی بایۆمەتری نوێی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە.
 
لە کۆی 3.5 ملیۆن کارتی بایۆمەتری نوێ، 475 هەزار و 719 یان لە قۆناخی چاپکردندان، یەک ملیۆن 504 هەزار و 320 کارتى چاپکراون و دابەش نەکراون.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 21.4 ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە