رووداو دیجیتاڵ
سەدام حوسێن، بەربژێری یەکێک لە لیستە عەرەبییەکانی کەرکووک گەڕێنرایەوە بۆ رکابەری لە هەڵبژاردن و بووەوە بەربژێر، پاش ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی دوورخرابووەوە.
ئەو بەربژێرە سەرلیستی هاوپەیمانیی عەزمە لە کەرکووک، هاوپەیمانێتییەکە لەسەر ئاستی عێراق موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتی دەکات، سەدام حوسێن لە 7ی تشرینی یەکەم بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە بەربژێری دوورخرابووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بە رووداوی راگەیاند: "بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو بەربژێرە ئەمڕۆ لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە دەرکراوە لە دوای ئەوەی تانەی لە دوورخستنەوەکەی دابوو.''
بەگوێرەی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەربژێرە، کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوەدراوە: "بەگوێرەی نووسراوی لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئاماژە و زانیارییەکیان تێدا نەبووە بیسەلمێنێت ئەو بەربژێرە تاوانى کردبێ و بڕیاری دوورخستنەوەکەی "دروست نەبووە" تایبەت بووە بە دۆسیەیەکی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی.
بەگوێرەی بڕگەی سێ لە ماددەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەر بەربژێرێک پێشینەی تاوانکاری هەبێت یان دۆسیەی لە دادگە بێت، ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات.
بەڵام عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دەڵێت: "ئەو بەربژێرە پێشتر لەسەر بنەمای هەوڵی رکابەرەکانیان دوورخرابووەوە، بەڵام بڕیارەکە هەڵوەشێنراوەتەوە."
هاوپەیمانیی عەزم یەکێکە لە لایەنە سووننەکانی عێراق، لە کەرکووک بە 24 بەربژێر رکابەری دەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی بازنەی کەرکووک.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەکرێت، سوننەکان لە کەرکووک بە پێنج لیستی سەرەکی رکابەریی یەکدی و لیستەکانى دیکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ