رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی و چەند رێکخراوێکی دیکەی بیانی فۆڕمی چاودێریی هەڵبژاردنیان وەرگرتووە.
ئەو فۆڕمانە بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنە بۆ تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێت بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێبدرێت.
حەسەن قەبەس گوتى: "باشترە تاوەکو هەفتەی داهاتوو فۆڕمەکان بگەڕێنەوە بۆ کۆمیسیۆن بۆ یەکلاکردنەوەی مۆڵەتەکان، چونکە کات زۆر لەبەردەست نەماوە و ئەو رێکخراوانەش پێویستیان بەوەیە تیمەکانیان لە دەرەوەی وڵات بهێنن."
لە 22ی مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە دەرگای تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کراوەتەوە، بەڵام وادەی کۆتایی دیاری نەکراوە، حەسەن قەبەس گوتی: "بەر لە هەڵبژاردن ئەو مۆڵەتانە یەکلا دەکرێنەوە".
بەگوێرەی رێکارەکانی تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوە بیانییانەی داوای پێشکێش دەکەن دەبێت مۆڵەتیان لە حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت. چاودێرانى بیانى دەتوانن لەگەڵ خۆیان وەرگێڕ و تەلەفۆن و پاسەوان ببەنە بنکەکانی دەنگدان.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ