رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، تیمەکانیان لە دارستانەکانی مەریوان سێ کورەی سووتاندنی دار و دروستکردنی خەڵووزیان لەناوبردووە و دەستیشیان بەسەر 40 فەردە خەلووزدا گرتووە.
بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، هێزەکانی بنکەی تایبەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان، رۆژی چوارشەممە سەردانی دارستانەکانی گوندەکانی قامیشە لە و هەنجیرانی سەر بە شاری مەریوانیان کردووە و لەو ناوچەیە سێ شوێنی دروستکردنی خەڵووزیان لەناوبردووە.
بەهزاد شەریفیپوور گوتی، هێزەکانیان هەروەها دەستیان بەسەر 40 فەردە خەڵووزدا گرتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە جەختی لەوە کردەوە، بەشێوەیەکی جیدی رووبەڕووی هەر جۆرە داربڕینێکی نایاسایی و دروستکردنی خەڵووز دەبنەوە.
دەشڵێت، بەشداریی خەڵک و ژینگەدۆستان لە چاودێریکردن و پاراستنی دارستانەکان و سەرچاوە سرووشتییەکان زۆر گرنگە و داوا لە خەڵک دەکات، ئەگەر هەر زانیارییەکیان لەبارەی تێکدان، لەناوبردن، بڕینی دار و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە نیشتمانییەکان هەبێ، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
پارێزگای سنە سرووشتێکی دەوڵەمەندی هەیە. لە کۆی دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگاکە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتاری دارستان، پووش و پاوان و لەوەڕگەیە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ئەم رووبەرە لە دارستان، ژمارەیەکی کەمی فەرمانبەر هەیە.
رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، کەمیی ژمارەی فەرمانبەران یەکەمین و سەرەکیترین ئاڵنگارییە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان رووبەڕووی دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لە هەموو پارێزگاکە تەنیا 110 فەرمانبەریان بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ژینگە و دارستانەکان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ