رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر، ئامادەکارییان کردووە ئەم ساڵ لە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چەندین چالاکی نێو بەفر بەڕێوەببەن؛ دەشڵێت، هەرێمی کوردستان تاکوەرزیی گەشتیاری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پلانەکانمان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری بەردەوامن. ئێستا هەرێمی کوردستان قۆناخی تاکوەرزیی گەشتیاری تێپەڕاندووە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، ساڵانی رابردوو تەنیا لە هاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا "گەشتیارێکی زۆر" سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، ئەم ساڵ ئامادەکارییان کردووە بۆ بەڕێوەبردنی چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیی گەشتیاری؛ گوتیشی، "ئەو شوێنانەی بەفریان لێ دەبارێت گەشتیاری زۆر سەردانیان دەکەن؛ بۆیە ئامادەکاریمان کردووە ئەم ساڵ چالاکی جۆراوجۆری سەر بەفر لە چیای کۆڕەک و حەسەن بەگ لە ئیدارەی سۆران، لە پارێزگای سلێمانیش لە پێنجوێن و لە دهۆکیش بەڕێوە ببەین."
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین شوێنی گەشتیاریی زستانە هەن کە ساڵانە بەفریان لێ دەبارێت، بەڵام بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە گەشتیاران وەکو پێویست سوودیان لێ نابینن؛ گوتیشی، خواستی گەشتیاری لە زستاندا بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە؛ بۆیە هەوڵ دەدەن کەموکورتی و خزمەتگوزارییەکان چاک بکەن.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار بهێننە هەرێمی کوردستان. ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
سەردانیکردنی ئەو ژمارە گەشتیارە لە کاتێکدایە، شەش مانگی ساڵی رابردوو سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ئەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ گەشتیاری، زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن؛ بەشێکیشیان لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان. بەشێکیشیان گەشتیاری نێوخۆیین؛ ئەوانەی لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و زیاتر لە 24 کاژێر دەمێننەوە.
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 708 شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
- 714 کافتریا
- 10 شاری یاری
- 589 رێستۆرانت
- 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
- 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 460 هۆتێل
- 282 مۆتێل
بە گوێرەی ئاماری دەستەکە، 11 مانگی ساڵی 2021، چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردسانیان کرد؛ ئامارەکە ساڵی رابردوو بەرزبووەوەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار.
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکەن؛ سلێمانی دوای هەولێرە، پاشان دهۆک و هەڵەبجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ