کوردستان
هاونیشتمانییەک لە هەولێر چەترێکی بەدەستەوە گرتووە لەکاتێکدا باران دەبارێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ نمەباران بە لاوازی لە شارەکان دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە تەواوی شار و شارۆچکەکان بارانی "باش" دەبارێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 06-12-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت، بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و بارینەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممەوە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی و سنووری پارێزگای دهۆک بەتایبەت نمەباران دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری شارەکان نمەبارانی پچڕ پچڕ و لاواز دەبارێت و ئەمشەو کاریگەریی نامێنێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە لاوازی تاوەکو سبەی ئێوارە کاریگەری دەمێنێت و ناوبەناو نمەباران دەبارێت".
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەکرد، شەممەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بارانی "باش و مامناوەند" لە سەنتەری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەبارێت؛ یەکشەممە لاواز دەبێت و هەمان رۆژ کۆتایی دێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرما بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 19 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 23 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 10 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 17 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ