رووداو دیجیتاڵ
مام رەشید 30 ساڵە لە مەریوان گۆشتفرۆشە و بە فرۆشتنی گۆشتی باش و هەرزان بەناوبانگە، پێشتر رۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی گۆشت سەردانیان دەکرد، بەڵام ئەم ساڵ بەو شێوەیە نەماوە؛ بڕە گۆشتێک کە جاران بە یەک رۆژ دەیفرۆشت، ئەم ساڵ لە 10 رۆژدا دەیفرۆشێت.
هۆکاری کەمبوونەوەی کڕینی گۆشت، بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی و دابەزینی توانای خەڵک بۆ کڕینی دەگەڕێتەوە. ئەم ساڵ بەراورد بە پار، نرخی گۆشت زیاتر لە 150% بەرزبووەتەوە. پار نرخی کیلۆیەک گۆشت کەمتر لە 200 هەزار تمەن بوو، ئەم ساڵ گەیشتووەتە 500 هەزار تمەن.
گۆشتی سوور پێداویستییەکی سەرەکیی خۆراکییە، بەشێکی زۆر لە خواردنەکان بەو جۆرە گۆشتە ئامادە دەکرێن، بەڵام گرانبوونی وایکردووە، هەندێک خێزان مانگانە نەتوانن کیلۆیەک گۆشتیش بکڕن.
پێشتر بە شێوەی مامناوەند، هەر تاکێک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە 12 کیلۆ گۆشتی سووری دەخوارد. سەرۆکی ئەنجوومەنی مەڕوماڵاتی ئێران دەڵێت، ئێستا خواردنی گۆشت بۆ هەر تاکێک بۆ پێنج کیلۆ کەمبووەتەوە.
نەک هەر گۆشتی سوور، خەڵک توانای کڕینی زۆر شتی دیکەشیان نەماوە و هەمووان هەست بە بچووکبوونەوەی سفرەکانیان دەکەن.
داهاتی رۆژانەی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار، فەرمانبەر و کاسبکاران بەشی کڕینی کیلۆیەک گۆشت ناکات. تەنیا ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەتوانن بە بەردەوامی گۆشت بکڕن، ئەویش نەک وەکو ساڵانی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ